6 هەزار مامۆستا بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن

سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دامەزراندنی شەش هەزار مامۆستا بەشێوەی گرێبەست وەزارەتی پەروەردەش ئامادەكاری بۆ  پڕۆسەكە دەكات.

 

Zangakan

سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دامەزراندنی شەش هەزار مامۆستا بەشێوەی گرێبەست وەزارەتی پەروەردەش ئامادەكاری بۆ پڕۆسەكە دەكات.
فاتیح مەولەوی زادە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند: لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی لەم هەفتەیە، وەزارەتی پەروەردە لەبارەی پرسی دامەزراندنی مامۆستایان بەشێوەی گرێبەست كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی میكانزمی چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەكە دەستنیشان بكات. بۆ ئەمساڵی خوێندن دەسەڵاتی دامەزراندن دراوە بە خودی قوتابخانەكان و پەیوەندیی بە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان نەماوە. قوتابخانەكان خۆیان بە گوێرەی ئەو پسپۆڕیانەی كە پێویستیان پێی هەیە داوای دامەزراندن دەكەن بۆ ئەوەی نادادپەروەری وەری لە پڕۆسەكەدا نەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ، وتی: سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دامەزراندنی 6 هەزار مامۆستا بەشێوەی گرێبەست و حكومەت بەتەواوی پاڵپشتی ئەم كارەی وەزارەت بووە و هاوكاربووە. وەزارەت بە ئەنجومەنی وەزیرانی راگەیاندووە گەر ئەو ژمارەیەی مامۆستایان دانەمەزرێن، ئەوا پڕۆسەی خوێندن پەكی دەكەوێت.
وتیشی “لە پڕۆسەی دامەزراندنی ئەمساڵ چانسی دامەزراندن بۆ دەرچووانی بەشە زانستییەكانی (كیمیا، فیزیا، بایۆلۆجی، بیركاری، ئینگلیزی) زیاترەو دەرچووانی پەیمانگاكان وەك مامۆستا دانامەزرێنین، لەگەڵ ئەمەشدا ئەو مامۆستایانەی وانەبێژ بوون لەقوتابخانەكان و دانەمەزراون، ئەوا لە پڕۆسەكە لەبەرچاو دەگیرێن.”
وتەبێژی وەزارەت راشیگەیاند “تا ئێستا دیار نییە پڕۆسەكە بە رێگای پڕكردنەوەی فۆڕم یان ئینتەرنێت یان بە رێگای پێشكەشكردنی داواكاری لە قوتابخانەكان دەبێت. ئەم هەفتەیە ئەو میكانزمە لەلایەن وەزارەتەوە دەستنیشان دەكرێت”.
لەبارەی مووچەی ئەو مامۆستایانەی بە گرێبەست دادەمەزرێن ئەوەی‌ خستەروو كە تا ئێستا دیار نییە مووچەكانیان چەند دەبێت.