وەزیری پەروەردە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەكان كۆبووەوە

دوابەدوای بەشداری لە كۆنفرانسی زانستی كۆلێجی ئەزمڕ بۆ بەهرەداران، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 6/2/2019، بەڕێز وەزیری پەروەردە د. پشتیوان سادق، سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كردو بە ئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی و مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی، لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكان كۆبووەوە بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ڕەوشی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانی و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەو كەموكورتیەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا رۆژی سێشەممە 12/2/2019، لە دیوانی وەزارەت هەردوو بەڕێوەبەری گشتی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئامادەبن و هەموو كێشە دارایی و كەموكورتیەكان لەوێ بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە، هەروەها رەزامەندی لەسەر داهاتی فرۆشگای خوێندنگا و قوتابخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی درا كە بڕەكەی 300 ملیۆن دینارە، لەگەڵ بڕی 150 ملیۆن دیناری دیكە بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان بۆ دابینكردنی پێداویستی خێرای قوتابخانەو خوێندنگاكان.