ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی گرنگی پەسەندکرد

ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە، دووشەممە (١٩/٨/٢٠١٩)، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی سازکرد لە هۆڵی کۆبوونەوەی نووسینگەی وەزیر، کۆبوونەوەکە کاتژمێر (١٠)ی بەیانی دەستیپێکرد، کاتژمێر (٦:٤٠)ی ئێوارە کۆتایی هات، پاش وتووێژ و تاووتوێکردنی سەرجەم تەوەرەکان، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە ئەم بڕیارانەی دا:
١- دیاریکردنی ڕۆژی (١/٩/٢٠١٩) بەڕۆژی دەستبەکاربوون (مباشرە)ی مامۆستایان و دیاریکردنی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (٢١/٩/٢٠١٩) بە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠١٩ – ٢٠٢٠) لە هەرێمی کوردستان.
٢- پێکهێنانی لیژنەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، بەسەرۆکایەتی بەڕێز مامۆستا (برهان عبداللە عادل)، تایبەت بە کەمکردنەوەی ڕۆتین و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان لە پارێزگاکان و پەروەردەی قەزاکان، لەگەڵ پیادەکردنی پێوەری چاودێری پێویست.
٣- پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەکان، بەسەرۆکایەتی ڕاوێژکار مامۆستا (برهان عبداللە عادل) و ئەندامێتی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی مامۆستا (احمد سمایل رحمان) و (شیلان خلیل جنید) و (جلال همزە کاکەشین) و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠ – ٢٠٢١).

٤- پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی میکانیزمی دانانی بانکی پرسیار تایبەت بە ئەزموونەکانی قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی، بە سەرۆکایەتی مامۆستا (کریم لطیف) بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان، ئەندامێتی مامۆستا (کاوە عمر) و بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، لەماوەی چوار مانگدا پێویستە کارەکانیان تەواو بێت.
٥- ڕێگەنەدان بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە.
٦- هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بەئینگلیزی کردنی هەردوو بابەتی (بیرکاری و زانستە گشتیەکان) تایبەت بەقۆناغی فێرکردنی بنەڕەتی کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ – ٢٠١٦)ەوە دەستیپێکردووە، هاوکات بڕیاردرا بۆ گرنگیدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی بواری زمان لە زانکۆکانی کوردستان بکرێت.
٧- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامێتی هەریەکە لە ڕاوێژکار مامۆستا (برهان عبداللە عادل) و بەڕێوەبەرانی گشتی (مەریوان بەگۆگ) و (بەکر کەریم) و بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان (هۆزان تحسین)، بەمەستی پێداچوونەوە و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی (٢٠١٢) و ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٦)ی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان.