وەزیری پەروەردە لەگەڵ پەروەردەکانی سنوری سلێمانی کۆبۆوە

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ ۱۳/۱۱/۲۰۱۹ لەسێیەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی سەردانی ژمارەیەک ناوەندی خوێندنی لەناو شاری سلێمانی کردوو پاشان بەڕێوبەرێتی سەرپەرشتیکردنی بەسەرکردەوە.
دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بەئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی فراوانی کرد لەگەڵ بەڕێوبەری پەروەردەی قەزاکانی سلێمانی و بەڕێوبەری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەی سلێمانی و سەرپەرشتیاری یەکەمی ئامادەیی و بنەڕەتی سەرجەم پەروەردەکان.
لەکۆبونەوەکەدا وەزیری پەروەردە، باسی لەکەرتی پەروەردە کرد لەناو کارنامەی حکومەتی هەرێم و ئاماژەی بەو بڕیارانەکرد کەلەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان بەتایبەت پێداویستییەکانی وەرزی زستان بۆ قوتابخانەو خوێندنگەکان.
دواتر گفتوگۆ وبیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەبارەی کێشەو گرفتە پەروەردەییەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.