لە سلێمانی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز راگیرا

ئەمڕۆ سێ شەممە (١٧/١٢/٢٠١٩)، بەڕێز هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا عومەر محمد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو سەرپەرشتیارەکانی ئامادەیی و بنەڕەتی لە شاری سلێمانی بەشدارییانکرد لە بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەی (ڕوانسەر)ی بنەڕەتی کچان و ئامادەیی (بێخاڵ)ی کچان، هەروەها لە پاركی هەواری شار لە لایەن ئامادەیی (سەفین)ی کچان ئاڵای کوردستان بە قەبارەی گەورە ئامادە کرابوو هەڵکرا.
پارێزگاری سلێمانی ڕۆژی ئاڵای بەرز نرخاندو پیرۆزبایی لە قوتابیان و مامۆستایان کرد بەو بۆنەیەوە.
هەروەها یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران کردو ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژێکی مێژوویی گرنگ وەسف کرد کە دەبێت لەناو باخچەکانی منداڵانەوە دەست بکەین بە ناساندنی ئاڵاو ڕۆژە مێژووییەکانی گەلەکەمان تا منداڵان ئاشنابن بە شۆڕشی گەلەکەمان.
دواتر بەچەند چالاکییەکی شانۆیی و هونەری مۆسیقاو سروودی نیشتیمانی کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.