حکومەتی هەرێم پشووی سەرتاسەری لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن راگەیاند

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/2/25 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگارەکانی هەرێم و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

به‌شێكی كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌تكرا به‌گفتوگۆ دەربارەی پلان و هەنگاو و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا كه‌، وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی دەربارەی دوایین زانیاریی و پێشهاتەکانی ڤایرۆسەکە و کێشە و پێشنیارەکانی چارەسەریی پێشکەشکرد، پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە سەلامەتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین و رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریدا لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 2020/2/26 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە وباخچە و پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان تا رۆژی 2020/3/10 بکرێتە پشوو ، سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکانیش لە رۆژی شەممە 2020/2/29 تا 2020/3/10 پشووی فەرمی دەبێت. دواتریش لە 11 تا 23 /3/ 2020 پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت و لە رۆژی 2020/3/24 پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە. هەردوو وەزارەتیش سەرپشک دەکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆژانی پشوو لە چوارچێوەی ئەمساڵی خوێندندا.