وەزیری پەروەردە جەژن لەگەڵ خێزانی مام سابیر پیرۆز دەکات

ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٠/٧/٣١ کەدەکاتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز
بەڕێز وەزیری پەروەردە مامۆستا ئالان حەمە سەعید لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و بەڕێوەبەری ئامادەیی صلاح الدين سەردانی ئامادەیی صلاح الدينى کوڕانیان کرد بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە و ئامادەبوون لە خوانی جەژن لەگەڵ هەردوو بەڕێز مام سابیرو عەتیە خان کە هاوسەری یەکترن و کارگوزارن لەم ئامادەییە و خزمەتێکی بێ پایانیان کردووە و نموونەی کارگوزاری دڵسۆزو خەمخۆر بوون
بۆ زانیاریتان بەڕێز وەزیری پەروەردە گەواهیدەری لەخۆبوردیی و خزمەتی بێ وچانی مام سابیرە چونکە بەڕێزیان یەکێک بووە لە خوێندکارانی ئەم ئامادەییە
جگە لەوە م.دڵشاد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی خوێندکاری ئەم ئامادەییە بووە وە ماوەیەک مامۆستاو دواتریاریدەدەرو لە دواجاردا بەڕێوەبەری ئەم ئامادەییە بوو.
شایەنی باسە کارگوزار یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی پاک و خاوێن ڕاگرتن وزیاد کردنی تەمەنی بینای ناوەندەکانی خوێندن و خزمەت کردن بە قوتابیان وخوێندکاران و مامۆستایان.
هەر لەم ڕۆژە پیرۆزەدا جەژنە پیرۆزە لە تەواوی کارگوزارو پاسەوان و فەرمانبەران و مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی وەزارەتی پەروەردە دەکەین هیوادارین ئەم جەژنە کۆتایی هێنان بە قەیرانی دارایی بێت و ئاشتەوایی گشت لایەک بێت .
ژیاننامەی مام سابیر/
ناوی تەواوی صابر احمد مصطفى
لەدایک بووی ١٩٤٠
ساڵی دامەزراندن ١٩٧٧
بەرواری کارکردنی لە ئامادەیی صلاح الدينی کوڕان هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە لەم ئامادەییە بووە
ژیاننامەی عەتیە خان
ناوی تەواوی/عطية وەسمان صالح
ساڵی لەدایک بوون١٩٥٣
ساڵی دامەزراندن ٢٠٠٢
بەرواری کارکردنی لە ئامادەیی صلاح الدينى کوڕان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣
ئامادەیی صلاح الدينی کوڕان ساڵی ١٩٦٢ دامەزراوە
یەکێکە لە ئامادەییە سەرکەتووەکانی شاری سلێمانی و خزمەتێکی گەورەی بە قوتابیان و خوێندکاران کردووە لە زۆربەی ساڵەکاندا لەسەر ئاستی هەرێم خوێندکارانی ئەم ئامادەییە لە پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستانن.