parwalogo

 

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم چوار په‌یمانگای گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی له‌ شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك و گه‌رمیان ده‌كاته‌وه‌و له‌و په‌یمانگایانه‌دا مامۆستایانی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دبلۆم ده‌توانن به‌شداری له‌ خولێكی دوو ساڵه‌دا بكه‌ن و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس به‌ده‌ستده‌هێنن.

بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی خوێندن له‌و په‌یمانگایانه‌دا بۆ یه‌كه‌م ساڵی خوێندن، عه‌بدوڵا شێخ سه‌عید- به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای گه‌شه‌پێدانی سلێمانی، به‌ سایتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رایگه‌یاند، بۆ ئه‌مساڵ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی 500 مامۆستای هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دبلۆم وه‌رده‌گرن و دوای بینینی خولێكی دوو ساڵه‌ بڕوانامه‌كانیان به‌ هه‌موو ئیمتیازاتێك ده‌بێته‌ به‌كالۆریۆس .

رونیشیكرده‌وه‌، بۆ ئه‌مساڵ 135 ده‌رچوی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی كۆلیژی كراوه‌ی كه‌ركوك وه‌رده‌گرن و دوای بینینی خولێكی 4 مانگه‌، ئه‌وانیش بڕوانامه‌كانیان ده‌بێته‌ به‌كالۆریۆس و ئیمتیازاته‌كانی بڕوانامه‌ی به‌كابۆریۆسیان پێده‌درێت.

عه‌بدوڵا شێخ سه‌عید ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و مامۆستایانه‌ی له‌په‌یمانگاكه‌یان وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ ژماره‌یان 65 مامۆستایه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆراو ماسته‌رن له‌ كۆلێژی بێرمنگهامی به‌ریتانی خولێكی 4 مانگیان بینیوه‌و ناونیشانی مامۆستای سه‌ركرده‌ یاخود راهێنه‌ریان پێدراوه‌.

به‌رێوه‌به‌ری په‌یمانگای گه‌شه‌پێدانی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌روو، له‌ په‌یمانگاكه‌یان پسپۆڕییه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و زانسته‌كان و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی و كوردی و وه‌رزش و بیركاری و IT ده‌وترێنه‌وه‌و ئه‌و مامۆستایانه‌شی كه‌ بڕوانامه‌ی دبلۆمیان هه‌یه‌و پۆلی 12یان خوێندووه‌ یاخود خوێندنی 5 ساڵه‌ی خانه‌ی مامۆستایانیان ته‌واوكردوه‌ ده‌توانن بۆ هه‌ریه‌كێك له‌م پسپۆڕییانه‌ داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن و فۆڕم پڕبكه‌نه‌وه‌، به‌مه‌رجێك 7 ساڵی مابێت بۆ خانه‌نشین بوون.

عه‌بدوڵا شێخ سه‌عید، ئاشكرایكرد، داواكار ده‌توانێت له‌ 12/8 تا 30/8 فۆرم له‌ رێگه‌ی وێب سایتی moe.moe-krg.com  فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كاته‌كانی ده‌وامیش رونیكرده‌وه‌، له‌ هه‌فته‌یه‌كدا 3 رۆژ وانه‌ ده‌خوێنرێت و 3 رۆژی دواتر ئه‌و ئه‌ركانه‌ی پێیان ده‌درێت جێبه‌جێی ده‌كه‌ن و رۆژانه‌ش ده‌وام له‌ 3 پاش نیوه‌رۆ بۆ 8ی ئێواره‌ ده‌بێت.

له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی خوێندنیشدا به‌شداربوو، 200 كاتژمێر وانه‌ی ئینگلیزی و 100 كاتژمێر IT ده‌خوێنێت.