parwalogo

 

maktab

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌ هه‌وڵی چۆڵكردنی ئه‌و خوێندنگایانه‌دایه‌ كه‌ ئاواره‌ی تێدایه‌، بۆ دروستكردنی قوتابخانه‌ی نوێش 140 پارچه‌ زه‌ویی ته‌رخانده‌كات.
مامۆستا نه‌جمه‌دین عه‌لی ئه‌حمه‌د- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 50 خوێندنگای سنوری پارێزگای سلێمانی ئاواره‌ی تێدایه‌و داوایان له‌ پارێزگار كردوه‌و له‌گه‌ڵ قایمقامه‌كانیش كۆبونه‌وه‌یان كردوه‌و ئه‌وانیش له‌ هه‌وڵی چۆڵكردنی ئه‌و قوتابخانانه‌دان و هه‌ركاتێك چۆڵكران له‌و قوتابخانانه‌ش ده‌ست به‌ده‌وام ده‌كرێت.
به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به‌ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستانی راگه‌یاند، به‌هۆی نه‌بونی بودجه‌و موچه‌ی مامۆستایانه‌وه‌ گرفتیان بۆ دروستبووه‌و ناتوانن كێشه‌كان به‌ باشی چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كان و سه‌رپه‌رشتیاران كۆبونه‌وه‌مان كردوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان.
هاوكات خۆگر خالید -به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانان له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی پلانی په‌روه‌رده‌ی بۆ ئه‌مساڵی نوێی خوێندن راگه‌یاندو بۆ هه‌مان كه‌ناڵ وتی: 140 پارچه‌ زه‌وی بۆ دروستكردنی قوتابخانه‌ ته‌رخانكراوه‌ و نێردراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و پارێزگای سلێمانی و له‌گه‌ڵ دابینكردنی بودجه‌دا قوتابخانه‌یان له‌سه‌ر دروستده‌كرێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌روو، له‌ ساڵی 2010 بۆ 2014 نزیكه‌ی 157 دامه‌زراوه‌ی خوێندن دروستكراوه‌ و نزیكه‌ی 800 بۆ 850 قوتابخانه‌ش له‌ ساڵانی 2012 بۆ2014 نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌.