parwalogo

 

xorak

بەرپرسانی پەروەردە و تەندروستی لە سلێمانی كۆبوونەوە بۆ ئەوەی پلانێك دابنێن كە هاوتابێت لەگەڵ پەیڕەونامەی خۆراكی ئەمریكی DGAS و پێشنیاری گروپی بێلایەنی پسپۆرانی تەندروستی IOM كە بەبڕوای ئەوان خواردن كاریگەریی دیاریكراوی هەیە لەسەر هەڵسوكەوت و ئارەزوو تەندروستی و گەشە و توانای بیركردنەوە و تێگەیشتنی خوێندكار.
ئەمڕۆ 24/12/2014، مامۆستا نەجمەدین عەلی ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و دكتۆر میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ پسپۆڕانی بواری خواردن و گەشە كۆبوونەوە، بەمەبەستی دانانی پلانێك تا لەمەودوا لە فرۆشگەی خوێندنگاكاندا بەرنامەیەكی گونجاو پەیڕەو بكرێت لە پێدانی خۆراك بە منداڵان تا سوودی بۆ توانای بیركردنەوە و گەشە و زیرەكییان هەبێت و لە داهاتوودا تاكێكی تەندروست و بەتوانا و لێهاتوویان لێبەرهەم بێت.
بەپێی پلانە نوێكە كە لەو كۆبوونەوەیەدا لەسەری رێككەوتن، فرۆشگەی خوێندنگاكان بەهەموو جۆرێك دەبێت دوور بكەونەوە لە خۆراكە چەور و شیرینەكان كە زیان بە تەندروستی دەگەیەنن و بەپێی خشتەیەك دەبێت رۆژانە خواردنی یەك لەسەر سێی پێویستی رۆژێك بۆ خوێندكاران دابین بكەن بەجۆرێك ئەو خۆراكانە بریتی بن لە سەوزە و میوە و شیر و گوێز و بادام و هێلكە و گۆشتی ماسی و خورما و پەتاتە و گۆشتی كوڵاوو ئەو خۆراكانەش دەبێت بەجۆرێك بن كە بەپێی بەرنامە و خشتەیەك دابەشبكرێن بەسەر رۆژەكانی هەفتەدا تا هەر رۆژەو خواردنەكە جۆرێك بێت و ڤیتامینی پێویست بە خوێنكاران بگات.

پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی بۆ رۆژنامه‌نووسان دوان و سه‌ره‌تاش به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی د.میران محه‌مه‌د وتی: "بڕیارماندا پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ خشته‌ی خواردنی فرۆشگه‌ی خوێندنگاكاندا بكه‌ین، گرنگه‌ بۆ له‌مه‌و داو منداڵه‌كانمان له‌سه‌ر خواردنی ته‌ندروست په‌روه‌رده‌ بكه‌ین خواردنێك بێت كه‌ هه‌موو جۆره‌ ڤیتامین و پڕۆتینه‌كانی تێدا بێت بۆئه‌وه‌ی له‌ رووی بیركردنه‌وه‌وه‌ باشتر بن و له‌ ئاینده‌دا مرۆڤێكی ته‌ندروست و باش په‌روه‌رده‌ بكه‌ین، راسته‌ ئێستا منداڵن و هه‌رچی بخۆن هه‌ست به‌ سوود و خراپییه‌كه‌ی ناكه‌ن به‌ڵام له‌ ئاینده‌دا له‌ كاتی گه‌وره‌بووندا كاریگه‌ریی ده‌بێت و زانستی تازه‌ ده‌ریخستوه‌ نه‌خۆشییه‌كانی شه‌كره‌ و زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ په‌یوه‌ندییان به‌خواردنی ناته‌ندروسته‌وه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ منداڵیدا.
بۆیه‌ له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا باسمان له‌وه‌كرد چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانمان ته‌ندروست بن، بڕیارمان دا له‌ هه‌فته‌ی ئاینده‌وه‌ ده‌بێت فرۆشگه‌ی هه‌موو خوێندنگه‌كان به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی ئێمه‌ دیاریمان كردووه‌ خواردن ئاماده‌ بكه‌ن و ته‌نها ئه‌و خواردنانه‌ له‌ فرۆشگه‌كاندا هه‌بێت بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌مه‌ش بڕیارمان داوه‌ واز له‌ سزای دارایی سه‌رپێچیكار بهێنین و ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی بكات فرۆشگه‌كه‌ی داده‌خه‌ین".
ناوبراو داواشی كرد له‌ دایك و باوكی منداڵان هاوكاریان بن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ كه‌ له‌ ئاینده‌دا به‌سوودی نه‌وه‌كان ده‌شكێته‌وه‌.
دواتر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی نه‌جمه‌دین عه‌لی وتی: "ئه‌و رێنماییانه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتووین بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌موو خوێندنگه‌كاندا و له‌ رێی توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سه‌رپه‌رشتیارانی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌كان سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستی باشتر كردنی جۆری خواردنه‌كانی كه‌ به‌ منداڵان ده‌درێت له‌ پێناو سوودگه‌یاندنی زیاتر به‌ نه‌وه‌كانمان تا له‌ داهاتوودا نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروستی هۆشیاریان لێ به‌رهه‌م بێت".