parwalogo

 

11091150 809094092494418 487707657 n

ئه‌مڕۆ 2/4/2015، به‌ ئاماده‌بوونی د. پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مامۆستا نەجمەدین عەلی ئەحمەد به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌ده‌ی سلێمانی و سه‌نته‌رو كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزم و كه‌سوكاری منداڵانی خاوه‌ن پێداویستی تاییه‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراوانی حكومی و حزبی، رێوڕه‌سمی رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم له‌ هۆڵی ته‌واو له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا، پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: خوێندن مافی هه‌موو منداڵێكی كوردستانه‌، بۆیه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڵێن ده‌ده‌ین له‌ڕووی دابینكردنی مامۆستای په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت و دابینكردنی شوێن، به‌كرداره‌وه‌ هه‌نگاوبنێین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین ماوه‌و به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌و منداڵانه‌ خزمه‌ت بكه‌ین و خوێندنگه‌یان بۆ دابینبكه‌ین.
راشیگه‌یاند: ئێمه‌ ئه‌مساڵ (41) مامۆستا كه‌ ده‌رچووی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت بوون، كاری دامه‌زراندنمان بۆ ئه‌نجاندان كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ كوردستان ژماره‌یه‌كی خوێندكاری په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت، خوێندنی زانكۆ ته‌واوبكه‌ن و دابمه‌زرێندرێن، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكه‌ تا بتوانین خزمه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ بكه‌ین.
وتیشی: له‌ پارێزگای (هه‌ولێر، دهۆك) هاوشێوه‌ی (سلێمانی) كارنه‌كراوه‌ بۆ منداڵانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، بۆیه‌ له‌ ئاینده‌دا به‌رنامه‌مان وایه‌ له‌و دوو شاره‌ش هاوشێوه‌ی شاری سلێمانی كار بۆ منداڵانی ئۆتیزم بكرێت. له‌ كۆتاییشدا ده‌ستخۆشی له‌ بەڕێوەبەرایەتی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی كرد كه‌ توانیویانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش خزمه‌تی منداڵانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و ئۆتیزم بكه‌ن.