بە وێنە… زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا

ئەمڕۆ شەممە 21/9/2019، لە مەڕاسیمێكی شایستەدا یەكەم زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن 2019- 2020 لێدرا، لە قوتابخانەی بڕیاری شەهید ئاسۆی بنەڕەتی لە گەڕەكی زێڕینۆكی شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئازاد حەمە ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و مامۆستا نازدار ئەحمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات و نوێنەری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و چەندین كەسایەتی پەروەردەیی و كەسوكاری قوتابیان و خانەوادەی شەهید ئاسۆ.
لە مەڕاسیمەكەدا وتاری بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەكەوە پێشكەشكرا، پاشان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتارێكی پێشكەشكردو لەگەڵ پیرۆزبایی لە خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، جەختی لە پێویستی پابەندبون بە خوێندن و رێنماییەکان کردەوەو داوای کرد هەموان پێکەوە پەروەردە بەرەو سەرکەوتن و پێشخستن ببەن.
دواتر وتاری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێشكەشكرا.
لەكۆتایی مەڕاسیمەكەدا چەند چالاكییەكی هونەری لەلایەن قوتابیانەوە پێشكەشكرا. هەروەها هەڵمەتێكی نەمام ناشتن لە لایەن ئامادەبووانەوە بەڕێوەچوو.
لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەدەی سلێمانی 1727 ناوەندی خوێندن هەیە كە 469259 قوتابی و خوێندكار تیایدا دەخوێنن لە قۆناغە جیاوازەكاندا.