تەواوكاری هاوكارییەكانی پەروەردە بۆ رۆژئاوا رادەستی مانگی سوری كوردی كرا

ئەمڕۆ 5/11/2019، مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە ئامادەبوونی لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندیەكان، پێشوازیكرد لە ئەندامانی لیژنەی رێكخراوی مانگی سوری كوردی، وە لەچوارچێوەی ئەو هاوكارییەی كە لەلایەن پەروەردەوە بۆ كوردانی رۆژئاوا كۆكرابووەوەو پێشتر زیاتر لە 250 ملیۆن دینار رادەستی رێكخراوەكە كرابوو بەمەبەستی گەیاندنی بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ تەواوكاری ئەو هاوكارییە رادەستی رێكخراوەكە كرا، كە بڕەكەی 10.959.500 (دە ملیۆن و نۆسەدو پەنجاو نۆ هەزارو پێنج سەد دینار) بوو، لەلایەن پەروەردەكانی (رۆژئاوا، رانیە، پشدەر، پێنجوێن، دەربەندیخان)ەوە كۆكراوەتەوە.
هاوكاریەكە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی پەرەردەی سلێمانییەوە رادەستی ئەندامانی لیژنەكە كرا كە پێكهاتبوون لە (غەسان عبدالباقی بەرپرسی پەیوەندیەكان و گەیلان عبدالقادر بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی و محمد عبدالرحمن بەرپرسی لۆجستی رێكخراوی مانگی سوری كوردی).
لیژنەكە رایگەیاند كە پارەكە بۆ خەڵكی شاری سەرێ كانی و دەوروبەری خەرج دەكرێت بەمەبەستی دروستكردنی كەمپ و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی و دەرمان و شیرو پێداویستی منداڵان.
رۆژی 15/10/2019، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی هەڵمەتێكی راگەیاند بۆ كۆكردنەوەی پارە بۆ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لە ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگەكانی سەر بە پەروەردەدا، پێشتر زیاتر لە 250 ملیۆن دینار رادەستی رێكخراوی مانگی سوری كوردی كراو ئەمڕۆش تەواوكاری هاوكارییەكە رادەستی رێكخراوەكە كرا.
بەمەش کۆی پارەی کۆکراوە گەشتە 263.469.000 دینار.