ئاهەنگێك بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت سازكرا

ئەمڕۆ 3/12/2019، مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەشداریكرد لە ئاهەنگێكی تایبەت بە رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت، لە قوتابخانەی شاكاری بنەڕەتی لە سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات بە وەكالەت و مامۆستایان و قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و دایكان و باوكان.
بەڕێوەبەری گشتی لە وتەیەكدا پیرۆزبایی لە قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت كردو رایگەیاند كە لە هەوڵدانی بەردەوامدا دەبن بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان و برەودان بە پەروەردەی تایبەت، تا منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بێبەش نەبن لە خوێندن.
پاشان لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەی شاكاری بنەڕەتییەوە خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و چەند كەسایەتییەك كە هاوكاری قوتابخانەكەیان كردووە بۆ برەودان بە پڕۆسەی پەروەردەی تایبەت.
لە كۆتاییشدا خەڵات بەخشرایە قوتابیان و چەند چالاكییەكی هونەری پێشكەشكرا.