تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەستیانپێکرد

ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٧/١١، بەڕێزان وەزیری پەروەردەو بریکاری وەزیری پەروەردەو پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارباژێڕیان کردو لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ پێشوازیان لێکراو ئیدارەی چەند هۆڵێکی تاقیکردنەوەیان بەسەرکردەوە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان. پاشان بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان بەڕێوەبەرانی پەروەردەی ڕۆژئاواو پە روەردەی ڕۆژهەڵات ئیدارەی هۆڵی تاقیکردنەوەکانی ئامادەیی صلاح الدین و ئامادەیی کاژاوو ئامادەیی پیرەمێردیان بەسەرکردەوە.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی (٤٠،٥٠٠) خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە دەکەن کە بەسەر (٦٧٢) هۆڵی تاقیکردنەوەدا دابەشکراون. بەهیوای سەرکەوتن بۆ گشت قوتابیان و خوێندکاران.