لێدانی زەنگی ساڵی نوێ ی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١)

ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠٢٠/٩/٢٧، بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. هەڤاڵ ئەبوبکر پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و مامۆستا دڵشاد عمر محمد کریم بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەرانی پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و سەرپەرشتیاران و بەڕێز(فاروق ملا مستەفا) کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی و مامۆستایان و خوێندکارانی ئامادەیی دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ لە شاری سلێمانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) لێ درا.
هەر یەک لە بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە پیرۆزباییان لە خوێندکاران و مامۆستایان کرد، بەتایبەت خوێندکارانی پۆلی (١٢) ی ئامادەیی کە ئامادە دەبن لە خوێندنگە پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن بۆئەوەی بتوانین بە هەموو لایەک ئەم قۆناغە سەختەی تەندروستی بە سەرکەوتوویی تێ پەڕێنین. وە هیوای سەرکەوتنیان بۆ خوێندکاران و مامۆستایان دەربڕی وە هەمیشە پشتیوانی مامۆستایان دەبن لە دابین کردنی مافە ڕەواکانیان.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سوپاسی سەرمایەداران و کەسایەتییە ناودارەکانی شاری سلێمانی کرد کە هەمیشە پشتگیری کەرتی پەروەردە دەکەن.
لە مەراسیمەکەدا ئاڵای کوردستان هەڵکرا و چەند سروودێکی نیشتمانی بەڕێوەچوو.