پێنجوێن.. رەوشی خوێندن و تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم بەسەركرایەوە

رۆژی 8/1/2018، مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، سەردانی قەزای پێنجوێنی كردو لەلایەن بەڕێز زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن و مامۆستا ئیسماعیل عبدالله بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێنەوە پێشوازی لێكرا.
پاشان بەڕێوەبەری گشتی بەیاوەری قایمقام و بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن، سەردانی ناحیەی گەرمكی كردو قوتابخانەی گەرمكی بنەڕەتی و ئامادەیی گەرمكی بەسەركردەوە بۆ ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم.
پاشان لە ناو قەزای پێنجوێن هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی لە چەند قوتابخانەو خوێندنگایەك بەسەركردەوە، لەوانە (قوتابخانەی كەژانی بنەڕەتی، قوتابخانەی موفتی بنەڕەتی، قوتابخانەی هاوڕێی منداڵ، قوتابخانەی جەلال مەحموودی بنەڕەتی، قوتابخانەی پێنجوێنی ئێوارانی بنەڕەتی، قوتابخانەی شەهید محمد سدیقی بنەڕەتی، قوتابخانەی ناوشاخانی بنەڕەتی، ئامادەیی لەرێ، ئامادەیی پێنجوێن، ئامادەیی پێنجوێنی ئێواران).
لەو سەردان و بەسەركردنەوانەدا بەڕێوەبەری گشتی لە نزیكەوە گفتوگۆی لەگەڵ بەڕێوەبەرو مامۆستایان و خوێندكاران كردو، سوپاسی كردن، هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەری پەروەردەو ئیدارەی قەزاكەی كرد، كە بەهەوڵی هەموولایەك توانراوە بەردەوامی بەپڕۆسەی پەرورەدەو خوێندن بدرێت لەناوچەكەدا سەرەڕای ئاستەنگو گرفتەكان، وە هیوای سەركەوتنی بۆ قوتابیان و خوێندكاران خواست لە تاقیكردنەوەكاندا.