د. جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا راگه‌یاند

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌….
دوای راوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی نەوەی نوێی ئەو ڤایرۆسە لە هەندێک وڵات و دوای هەڵسەنگادنی دۆخەکە بەتایبەت بابەتی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە گشت خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا هەمان ئەو بڕیارانەی پێشوو کە لەم بارەیەوە دەرکراون، پەیڕەو بکرێن:

1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی)، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

2. قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی “نائیلزامی” سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.

3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی – ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/16) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی تەندروستیی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت.

4. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.

5. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

6. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.

7. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

8. لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلیكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە)، بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، تا رۆژی (2021/1/16) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

9. بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/16) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2021/1/7) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێککەوتەش لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتوێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.

د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021-1-7