مامۆستا دڵشاد عومەر وەك بەڕێوەبەری گشتی نوێی پەروەردەی سلێمانی لە جێگەی مامۆستا نەجمەدین عەلی ئەحمەد دەستبەكاربوو.
رۆژی 5/7/2015، لە رێوڕەسمێكدا لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی مامۆستا دڵشاد عومەر وەك بەڕێوەبەری گشتی نوێی پەروەردەی سلێمانی لە جێگەی مامۆستا نەجمەدین عەلی ئەحمەد دەستبەكاربوو.
لە رێوڕەسمەكەدا كە وەفدی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەری پەروەردەكان و بەشەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرپەرشتیاران و فەرمانبەران و مامۆستایان ئامادەی بوون، وەفدی وەزارەت دەستخۆشییان لە مامۆستا نەجمەدین بەڕێوەبەری گشتی پێشوی پەروەردەی سلێمانی كردو هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست لە ئەركی داهاتویدا و ئامادەیی وەزارەتی پەروەردەشیان دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی بەڕێوەبەری نوێ لە پێناو سەركەوتنی ئەركەكەی و خزمەتكردنی بە بواری پەروەردە.
لای خۆشیەوە مامۆستا نەجمەدین لە وتەیەكدا ئاماژەی بە كارەكانی كرد لە ماوەی 2 ساڵ و هەشت مانگی رابردوودا وەك بەرێوەبەری گشتی پەروەردە، هیواشی خواست مامۆستا دڵشاد بتوانێت درێژە بە كارەكانی بدات و خزمەتی زیاتر بە پەروەردە بكات.
هەروەها مامۆستا دڵشاد وەك بەرێوەبەری گشتی نوێی پەروەردەی سلێمانی لە وتەیەكدا تەئكیدی كردەوە كە بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانبەران و مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی پەروەردەكان و بەشە جیاوازەكانی پەروردە كار دەكات بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.
دواتریش خەڵاتی رێزلێنانی تایبەتی خۆی پێشكەش بە مامۆستا نەجمەدین عەلی ئەحمەد كرد، بەڕێوەبەری نوێ وەك یەكەم ئەركی لە كارەكەیدا بە یاوەری ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە لە باخچەی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی 14 نەمامیان ناشت.
دوای كۆتایی هاتنی رێوڕەسمەكەش بەڕێوەبەری گشتی نوێ و پیشوی پەروەردە سەردانی پارێزگای سلێمانیان كردو دوای كۆبونەوەیەكی كورت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، پارێزگاری سلێمانی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی بە شێوەیەكی باش چونەتە پێشەوەو وێڕای دەستخۆشی لە بەرێوەبەری گشتی پێشوی پەروەردە هیوای خواست بەڕێوەبەری نوێش لە ئەركەكانیدا سەركەوتوو بێت.