ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێكرد

لەسەرجەم قوتابخانەو خوێندنگاكانی هەرێمی كوردستان زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی ساڵی 2018- 2019 لێدراو خوێندكاران و قوتابیان روویان لە هۆڵەكانی خوێندن كرد.
بە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و لێدانی زەنگ، پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردو، لە شاری سلێمانیش بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و لێپرسراوانی پەروەردە لە ئامادەیی سلێمانی كوڕان زەنگی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.
مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەوتەیەكدا پیرۆزبایی لە مامۆستایان و خوێندكاران كرد بەبۆنەی دەستیپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن و سوپاسی هەموو ئەو كەسایەتی و رێكخراوانەشی كرد كە هاوكاری پرۆسەی پەروەردەیان كردوە، هیواشی خواست ئەو كێشانەی لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەرووی پرۆسەی پەروەردە بونەوە چارەسەر بكرێن و كۆتایی بە پاشەكەوتی موچە بهێنرێت، جەختیشیكردەوە، ئامادەكاری پێویست بۆ ساڵی نوێی خوێندن كراوەو كتێب و پێداویستییەكان بەسەر خوێندنگاكاندا دابەشكراوە،
لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 700 هەزار قوتابی و خوێندكار هەیەو نزیكەی 125 هەزار خوێندكار بۆ یەكەمین جار دەچنە پرۆسەی خویندنەوە.