پەردە لەسەر ناوی قوتابخانەی (بڕیاری شەهید ئاسۆ) لادرا

دوابەدوای بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە گۆڕینی ناوی قوتابخانەی (كوردستان)ی بنەڕەتی بۆ قوتابخانەی (بڕیاری شەهید ئاسۆ)ی بنەڕەتی لە سنوری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات، ئەمڕۆ 2/9/2019، بە ئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و لێپرسراوانی حكومی و حزبی و بنەماڵەی شەهید ئاسۆ، لە رێوڕەسمێكی شایستەدا پەردە لەسەر ناونیشانی قوتابخانەكە لادرا.
لە رێوڕەسمەكەدا وتاری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بنەماڵەو چەند وتارێكی تر پێشكەشكران.
هەروەها بڕیاردرا زەنگی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن 2019-2020 لە هەمان قوتابخانە لێبدرێت.
لەبەر پیرۆزی شەهیدو خۆشەویستی منداڵان بۆ باوك و راستگۆیی لە خۆشەویستیدا بە پەروەردەیەكی جوان، وە هەژاندنی رۆحی هەموو مرۆڤایەتی و جۆشدانی هەموومان بە خەبات و فیداكاری پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە 26/8/2019، بڕیاریدا قوتابخانەی (كوردستان)ی بنەڕەتی ناوەكەی بگۆڕێت بۆ قوتابخانەی (بڕیاری شەهید ئاسۆ) لە سنوری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات.
بۆ زانیاری ئامادەیی (كوردستان) بە هەمان ناو لە هەمان سنوری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات هەیە.