هەواڵ و ڕاگایاندن

بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی رۆژئاوا دەستبەكاربوو

ئەمڕۆ 10/10/2017، بە ئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا پەروین ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و مامۆستا نازدار ئەحمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات و بەڕێوەبەری بەشەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرپەرشتیاران و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا، مامۆستا بەكر محەمەد وەك بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی رۆژئاوا دەستبەكاربوو.

بەڕێوەبەری گشتی لە وتەیەكیدا بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە مامۆستا بەكر كردو هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا و بەلێنی هاوكاری تەواوی پێدا، هەروەها نەمامێكی زەیتوونی بە دیاری پێشكەشكرد، وەك هێمایەك بۆ هەمیشە گەشەكردن و بەردەوامیی پڕۆسەی پەروەردە لە سلێمانیدا.
پاشان لەلایەن بەڕێوەبەران و فەرمانبەران و رێكخراوی خوێندكارانەوە چەپكە گوڵی پیرۆزبایی پێشكەش بە بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا كراو هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست.
لای خۆیەوە مامۆستا بەكر محەمەد سوپاسی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و سەرجەم ئامادەبووانی كردو هیوای خواست بە هەموو لایەك بتوانن پڕۆسەی پەروەردە لە شارەكەدا بەرەوپێش ببەن و بەسەر گرفتو كێشەكاندا زاڵبن.
مامۆستا بەكر محەمەد ساڵانێكە خزمەتی بواری پەروەردە دەكات و دوا پۆستیشتی سەرپەرشتیاری یەكەمی بنەڕەتی بووە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژهەڵات.