کۆنفرانسێک بە ناونیشانی (پەروەردە ئەرکی هەمووانە)

ئەمڕۆ ٢٠٢٠/١/٢٣، لە ڕۆژی جیهانی فێرکردندا، بە ئامادەبوونی بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا عمر محمد امین بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە وەکالەت و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری و بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاواو بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات بە وەکالەت و سەرپەرشتیاران بەشدارییان کرد لە کۆنفرانسی ڕاوێژکاری لەژێر دروشمی (پەروەردە ئەرکی هەمووانە) بەبەشداری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کۆمەڵگەی خۆجێێ لە پرۆسەی پەروەردەدا. کۆنفرانسەکە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاواو یەکەی سەرپەرشتیکردنی بنەڕەتی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا و چەند کەسایەتییەکی پەروەردەیی و نوێنەری ڕێکخراوە بەشداربووەکان ووتەیان پێشکەش کرد. وە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە وەکالەت بە ناوی وەزارەتی پەروەردەوە لە ووتەیەکیدا داوای کرد کە هەمووان هاوکاری پەروەردە بین و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کەرتی پەروەردە زیاتر خزمەتی پرۆسەی پەروەردە بکەن هەروەها داوای لە مامۆستایانی ئاینی کرد لە میمبەری مزگەوتەکانەوە هانی خێرخوازان بدەن هەروەک چۆن مزگەوت دروست دەکەن قوتابخانەش دروست بکەن بۆ منداڵانی گەلەکەمان کەتیایدا فێری پەروەردە و خوێندن ببن، لەبەرئەوەی لەم بارودۆخەدا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە بە تەنها ناتوانن وەک پێویست بینا و پێداویستییەکانی قوتابخانە دابین بکەن. با بە هەموومان بتوانین نەوەیەکی باش و خوێندەواری ئاست بەرز دروست بکەین بۆ گەلەکەمان.