ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانانی پەروەردەییەوە (سەبارەت بەڕانكینگ و پۆلێنبەندی ئاستی فێربوون)

چەند میدیایەك سەبارەت بە ڕیزبەندی یان پۆلێنبەندی پەروەردەیی هەرێمی كوردستان و عێراق بێ ئەوەی پشت بەسەرچاوەی باوەڕپێكراو ببەستن، ڕاپۆرتی هەڵەیان بڵاوكردۆتەوە. بۆ بەرچاوڕوونی گشتی بەپێویستمان زانی لەم چەند خاڵەدا بابەتەكە ڕوونبكەینەوە:
یەكەم: ئایا كوردستان پێشتر لە كوێی ئەو ڕیزبەندەدا بووە تا ئێستا كرابێتەدەرەوە؟ بفەرموون ڕیزبەندی پەروەردەیی هەرێمی كوردستانمان لە ساڵانی پێشوو نیشانبدەن. تا بزانین پەروەردەی هەرێم لە چ ساڵێكدا و لە چ ڕانكێك و لە چ ئاستێكدا بووە، تا ئێستا دەركرابێ؟ هەر بۆ زانیاری گشتی ئەم بابەت تەنها پڕ كردنەوەی كاتی هەندێک لە میدیاكانە وە لە ڕووی زانستییەوە هیچ بنەمایەكی نییە.
دووەم: سەبارەت بە ڕانكینگی داڤۆس وەك لە میدیاكاندا ناوی هاتووە، عێراق بە هیچ شێوەیەك بەشداری ئەو ڕانكیگەی نەكردوە. هەر وڵاتێك بیەوێت بەشداری لەم ڕانكینگەدا بكات دەبێت سەرەتا زانیاری ورد دەربارەی خوێندن لە وڵاتەكەیدا بدات و تێچووی بەشداریش لە ڕانكینگەكە بدات، كە عێراق بەویستی خۆی بەشداری نەكردوە، سەرەڕای هەموو ئەوانە بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ ڕانكینگی داڤۆس هەر نەكراوە.
سێیەم: دوا بە دوای ئەم بابەتە ئێمە وەك پلاندانی وەزارەتی پەروەردە پەیوەندیمان بە چەندین ڕێکخراوی نیودەوڵەتی وەك یونسێف و یونسکۆوە کرد، ئەو ڕێكخراوانە پێیان ڕاگەیاندین کە لە دوای ساڵی ٢٠١٩وە هیچ هەڵسەنگاندنێکی جیهانی پەروەردەیی باوەڕپێکراو بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسیەکانییەوە نەكراوە.
چوارەم: لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم پۆلێنکردنە لەلایەن کۆربەندی ئابووری جیهانییەوە كراوە، بە پشت بەستن بە چەندین داتا و ئاماری ڕێکخراوەکانی دیکە، بۆ نمونە داتای ڕووپێوى هێشوویى فرە نیشاندەر MICS هەڵسەنگاندنی فێربوون وەك ( TIMSS, PIRLS, PISA, SACMAQ, ASER,EGRA) هەروەها چەندین سەرچاوەی دیکە ، هەرێمی کوردستان بەشداری هیچ کام لە هەڵسەنگاندنانەی نەکردووە، هەروەها هیچ کاتێکیش داتاکانمان بۆ ئەم کۆربەندانە نەناردووە و هەرێمی کوردستان وەك هەرێمێک نەیتوانیوە بەشداری ئەم جۆرە پۆلێن کردنانە بکات، چونکە ئەم جۆرە پۆلێنانە تەنها بۆ دەوڵەتانە .
پێنجەم: وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار هەوڵیداوە کە بچێتە ناو ڕیزبەندی ئەم پۆلێنكردنانە، بەڵام ڕێکخراوەکان پێیان ڕاگەیاندووین، کە ئەوان تەنها دەتوانن داتای عێراق وەربگرن و پۆلێنی بکەن، نەك هەرێمێك لە نێو وڵاتێكدا ، لە دواین پەیوەندیمان بۆ پەیمانگای ئاماری یونسکۆ لەبەرواری ( 23/3/2021 ) کە داوامان لێکردوون کارمان لەگەڵ بکەن و ناومان بچێتە نێو ڕانکینگی ئەوان و پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام ( ئامانجی چوارەم کە تایبەتە بە پەروەردە ) دیاری بکەن، بەڵام رایانگەیاند داتا بەجیا لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگا وەرناگرن و تەنها دەتوانن داتاکانی عێراق وەك وڵاتێك لە پۆلێنەکانی خۆیاندا تۆماربكەن.
شەشەم: سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە (k-12)یە، زۆر جیاوازە لەگەل سیستەمی خوێندنی عێراق، کە سیستەمی ( 6-3-3) تەنانەت، جیاوازیشە لەڕووی پرۆگرامەکانی خوێندنیشەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتی چەندین ڕێکخراوی جیهانی، بۆ نمونە ڕاپۆرتی یونسێف كە بە ناونیشانی ( cost for education) ڕاگەێنرا، ئەوە ئاشكراكراوە كە لە ڕووی پەروەردەیی هەرێمی کوردستان باشترە بە بەرواوورد لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەراست و خوارووی عێراق، هەروەها ئەگەر سەیری دواین داتای ڕووپێوی فرە نیشاندەر بکەین کە چەندین بوار لە خۆ دەگرێت، یەك لەوانە پەروەردەیە، هەرێمی کوردستان لە چەندین بوار لە پێشەوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراقە.
حەوتەم: ڕێكخراوی یونسێف هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی، بە هۆی كۆكردنەوەی زانیاری و چۆنیەتی و كوالیتی فێربوون لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا كردوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكەی ڕانەگەیەنراوە. بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەنجامەکانی بەراورد کردووە بە چەندین وڵاتی دیکە، ڕاستە هەرێمی کوردستان لە دواوەی چەندین وڵاتی پێشکەوتووەوەیە بەڵام لە پێشەوەی چەندین وڵاتی دیكەشە.
هەشتەم : ئەمرۆ دوای ناردنی ئیمەیل بۆ کۆربەندی ئابوری جیهان ( داڤۆس ) ، کۆربەندی ناوبراو بەرێز ( Oliver Jabbour) ی دەستنیشان کرد بۆ مەبەستی روونکردنەوە سەبارەت بەم بابەتە، بۆیە بەڕێز ئۆلیڤەر لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە لە وەتس ئاپ بە ئێمەی ڕاگەیاند کە ئەم زانیارییە بە شێوەی ڕاپۆرت لە سالێ ٢٠١٩ لە ژێر ناونیشانی (The global competitiveness report ) دەرچووە، لەبەر ئەوەی لە عێراق داتای تەواو نەبووە بۆیە نەمانتوانیوە عێراق بخەینە نێو ئەم ڕاپۆرتە، بۆیە ئەگەر لە داهاتوو عێراق داتا بەردەست بخات ئەوا کاری لەسەر دەکەن .

لەکۆتایدا جەختدەکەینەوە كە ئێمە لەهەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی ڕەزامەندی بەدەستبهێنین وەک هەرێمی کوردستان بەشداربین لە ڕیزبەندی پەروەردەیی جیهانی، لەماوەی ٢٩ ساڵی رابردوو هیچ کات پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەو ڕیزبەندیانەدا نەبووە. هاوتەریب بەو هەوڵەش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدرالیش لەهەماهەنگیداین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بەشداربێت لە تاقیکردنەوە جیهانیەکان، بەتایبەتی لە بابەتی زانستەکان و بیرکاری کە بۆ قۆناغی چوارەم و هەشتەمی بنەڕەتی سازدەكرێن.
ئەوە رادەگەیەنین بواری پەروەردە و فێربوون لەهەموو جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا روبەرووی ئالێنگاری بۆتەوە واباشترە ئەو جۆرە لە میدیا خوێندنەوەی هەبێت بۆ ئەو دیاردە جیهانیە کە لە ئێستادا هیچ کەرت و کایەیەکی کۆمەڵگەکان وەک سەردەمی پێش ڤایرۆسی کۆرۆنا نیە.

بەرێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی
٣٠ ی ٤ ی ٢٠٢١