کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ڕاپەڕین

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٨/٣ بەڕێز ئالان حمە سعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیان کردو لەلایەن بەڕێز هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕینەوە پێشوازییان لێکرا، مەبەست لە سەردانەکەیان گەیاندنی ڕەزامەندی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ڕاپەڕین بوو بە ئیدارەی ڕاپەڕین، کە لە ئەمڕۆوە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەستبەکار دەبێت بۆ زیاتر خزمەت کردنی پرۆسەی پەروەردەو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، بەڕێز وەزیری پەروەردەو بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەڵێنیاندا کە هەمیشە هاوکارو پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەبن تاکو خزمەتی باشتر بکات، هەروەها مامۆستا محمد کریم ڕاسپێردراکە وەک بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ڕاپەڕین بە وەکالەت دەستبەکار بێت و خزمەت بە پرۆسەی پەروەردە بکات لەو سنوورەدا.

لە سەردانەکەیاندا بەڕێز وەزیری پەروەردە بەردی بناغەی خوێندنگەیەکی حکومی ١٢پۆلی دانا کە لەسەر ئەرکی بنەماڵەی خێرخوازی ناوچەکە (حاجی احمد سێناجیانی) دروست دەکرێت بە ناوی خوێندنگەی جەلال حاجی سێناجی کچان . بڕی تێچووی بە گوژمەی (٣،١٣٠،٠٠٠،٠٠٠) سێ ملیارو سەدو سی ملێۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، بەڕێز وەزیری پەروەردە زۆر سوپاسی بنەماڵەی ناوبراوی کرد بۆ دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە و ڕۆڵی سەرمایەداران و خێرخوازانی بەرز نرخاند کە هاوکاربوون لە زاخۆوە تاکو خانەقین بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە.