ئەمڕۆ 10/10/2018، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان د. پشتیوان سادق، بە یاوەری مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كردو لە دەروازەی شار لەلایەن مامۆستا سۆران عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجەو لێپرسراوانی ئیداری هەڵەبجەوە پێشوازی لێكرا.
پاشان سەردانی باخچەی منداڵانی (شەونم حاجی محەمەد بامۆكی) كردو لەلایەن پارێزگارو قایمقامی هەڵەبجەوە پێشوازیلێكراو لە مەڕاسیمێكدا بینای باخچەكەیان كردەوە كە لەلایەن كەسایەتی شاری هەڵەبجە (ئاسۆ حاجی محەمەد بامۆكی)یەوە دروستكراوە.
وەزیری پەروەردە لە وتەیەكیدا پیرۆزبایی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی كردو سوپاسی بنەماڵەی حاجی محەمەدی بامۆكی كرد بە تایبەتی كاك ئاسۆی كوڕی كە هەمیشە خەمخۆری كەرتی پەروەردەبوون لە هەڵەبجەی شەهیدو هیوای خواست نموونەیان زۆربێت.
پاشان چەند چالاكییەكی هونەری لەلایەن چالاكی قوتابخانەكانی هەڵەبجەوە پێشكەشكرا.
دواتر بەڕێز وەزیری پەروەردە قوتابخانەی شاهۆی بنەڕەتی بەسەركردەوەو لەگەڵ بەڕێوەبەرو مامۆستایانی خوێندنگاكە كۆبووەوە، لە وتەیەكیشیدا سوپاسی هەڵوێستی مامۆستایانی كرد كە لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا سەرەڕای قەیرانی دارایی و بارودۆخی هەرێمی كوردستان نەیانهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت و خزمەتی منداڵانی كوردستانیان كردووە.
دواتر د. پشتیوان سادق سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كردو لەلایەن بەڕێز ئازاد تۆفیق پارێزگاری نوێی هەڵەبجەوە پێشوازی لێكرا.
لە دیدارێكدا وەزیری پەروەردە پیرۆزبایی لە پارێزگاری نوێی هەڵەبجە كردو هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، پارێزگاریش بەڵێنیدا كە هەمیشە هاوكارو پشتیوان بێت بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردە لە پارێزگای هەڵەبجە.