رۆژی 10/12/2018، مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزووری كردو لەلایەن مامۆستا خالید رەشید مەولود بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوورو بەڕێوەبەری سەرپەرشنیاری شارەزوورەوە پێشوازی لێكرا.
پاشان سەردانی قایمقامیەتی قەزای شارەزووریان كردو لەلایەن بەڕێز رزگار غەفور قایمقامی قەزای شارەزوورەوە پێشوازیان لێكرا، بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی قایمقامو ئیدارەی قەزاكەی كرد كە هەمیشە خەمخۆرو هاوكاری كەرتی پەروەردەبوون لە ناوچەكەدا.
پاشان مامۆستا دڵشاد عومەر بەشداریكرد لە كەڕنەڤاڵی چالاكی وەرزشی قوتابخانەو خوێندنگاكانی شارەزوور بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019، ئامادەی یاری كۆتایی خولی فوتساڵ بوو كە قوتابخانەی سەردەم و پلەی یەكەمی بەدەستهێناو خەڵات بەخشرایە قوتابخانەو خوێندنگا یەكەمەكان، بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی لەیەكەی چالاكی وەرزشی و دێدەوانی پەروەردەی شارەزووركرد كە هەستاون بە ئەجامدانی ئەو كەرنەڤاڵە.
هەر لە مەڕاسیمی كۆتایی كەرنەڤاڵەكەدا یەكەی چالاكی وەرزشی و دێدەوانی خەڵاتیان بەخشییە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەرێتی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی.
لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ شارەزوور، بەڕێوەبەری گشتی لەهۆڵی پەروەردەی شارەزوور لەگەڵ سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەری قوتابخانەو خوێندنگاكانی ناوچەكەدا كۆبووەوەو سوپاسی كردن كە سەرەڕای قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەو پاشەكەوتكردنی لەم چەند ساڵەی پێشوودا، ئەركەكانیان بەجێهێناوەو نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن بوەستێت.
بەڕێوەبەران و سەرپەرشتیارانیش لەلایەن خۆیانەوە چەند داواكارییەكیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتی كرد، وەك دابینكردنی رەحلەو وایت بۆردو نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، كە ژمارەیەكی زۆر بینای قوتابخانە لەناوچەكەدا پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە.
بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش بەڵێنی دابینكردنی رەحلەو وایت بۆردی پێدان و ئاماژەی بەوەكرد كە بەپێی تواناو دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتی بینای قوتابخانەو خوێندنگاكان نۆژەندەكرێنەوە.
لە كۆتایی سەردانەكەشیدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی چەند قوتابخانەیەكی قەزای شارەزوری كرد.