سلێمانی.. یەكەم كۆنفرانسی پەروەردەیی رێكخرا

بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆنگرەی سەرتاسەری پەروەردەیی هەرێمی كوردستان، بە دروشمی (لە سایەی خوێنی شەهیداندا پەروەردە درێژە بە نوێبوونەوەی خۆی دەدات) پەروەردەی سلێمانی و گەرمیان یەكەم كۆنفرانسیان رێكخست.

 

9X3A0289

بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆنگرەی سەرتاسەری پەروەردەیی هەرێمی كوردستان، بە دروشمی (لە سایەی خوێنی شەهیداندا پەروەردە درێژە بە نوێبوونەوەی خۆی دەدات) بەسەرپەرشتی وەزیری پەروەدەی حكومەتی هەرێم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پەروەردەی سلێمانی و گەرمیان یەكەم كۆنفرانسیان لە كۆمەڵگەی پەروەردەی لە سلێمانی رێكخست.
لەدەستپێكی كۆنفرانسدا كە وەزیری پەروەردەو ژمارەیەكی زۆر لە بەڕێوەبەرە گشتیەكانی وەزارەت و میوانان ئامادەبوون، مامۆستا نەجمەدین عەلی ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردو دوای بەخێرهێنانی وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتیەكان، ئاماژەی دا بەهەنگاوەكانیان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پەروەردەو خزمەتكردنی مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابیان و هەوڵەكانیان بۆ نەهێشتنی كەموكورتیەكان،
رونیشیكردەوە، كۆنفرانسی پەروەردەی سلێمانی ژمارەیەك تەوەری گرنگ لە خۆدەگرێت و بەشداربوانی كۆنفرانسەكە بەچڕی گفتوگۆیان لەسەر دەكەن.
دواتریش د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە وتەیەكدا دستخۆشی لە رێكخەرانی كۆنفرانسەكە كردو هیوای خواست بەشداربووانی كۆنفرانسەكە بتوانن پەنجە بخەنە سەر كەموكوڕیەكان، بۆ ئەوەی لە كۆنگرەی پەروەردەییدا كاریان لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێن.
وەزیری پەروەردە داواشی لە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەو خوێندنگاكان كرد گرنگی تایبەت بە منداڵانی شەهیدان بدەن و لە رووی سۆز و خۆشەویستییەوە هەوڵبدەن ئەو كەلێنەیان بۆ پڕبكەنەوە كەلە ناخیاندا دروستبوە.
پاشان لە رێگەی داتاشۆوە پوختەی ئاماری كارو چالاكیەكانی ساڵی رابردووی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی پێشكەشكرا.
دوای كۆتایی هاتنی رێورەسمی دەستپێكی كۆنفرانس، بەشداربوانی كۆنفرانس روویان لەو هۆڵانەكرد كە بۆ تەوەرەكان دیاریكرابوون، تەوەرەكانیش بریتین لە (سەرپەرشتیاری، ئەزمونەكان، بەرێوەبردن، مەشق و رهێنان، خوێندنی ئەهلی، توێژینەوەو لێكۆڵینەوە) .
بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی گفتوگۆكانیش وەزیری پەروەردەو بەڕێوەبەری گشتی هۆڵەكانیان بەسەركردەوە.
كۆنفرانسی پەروەردەیی سلێمانی و گەرمیان یەكەم كۆنفرانسی پەروەردەییە بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆنگرەی پەروەردەیی و بڕیاریشە لە شارەكانی هەولێرو دهۆك كۆنفرانسی هاوشێوە بەرێوەبچێت، پێش بەستنی كۆنگرەی گشتی پەروەردەیی.

ئەندامانی کۆنفرانس پێكهاتون لە ٣٠٠ ئەندام، کە ٦٠ ئەندامیان لە گەرمیان و ٢٤٠ ئەندامیان لە پارێزگای سلێمانین و ٤٠ میوانیش ئامادەى کۆنفرانسەکە دەبن.

10952268 442676242546164 7756195750038093123 n