قوتابخانه‌ی 18 پۆلی دینای بنه‌ڕه‌تی له پرۆژه‌ی گرین ستی كرایه‌وه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانیش ده‌ڵێت چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێك ئاماده‌ییان پیشانداوه له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان قوتابخانه دروستبكه‌ن.
قوتابخانه‌ی 18 پۆلی دینای بنه‌ڕه‌تی له پرۆژه‌ی گرین ستی كرایه‌وه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانیش ده‌ڵێت چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێك ئاماده‌ییان پیشانداوه له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان قوتابخانه دروستبكه‌ن.
به‌ئاماده‌بونی پارێزگار و قایمقامی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكومی و حزبی له رێوڕه‌سمێكدا قوتابخانه‌ی 18 پۆلی دینای بنه‌ڕه‌تی له پرۆژه‌ی نیشته‌جێبونی گرین ستی له ناوچه‌ی قه‌ره‌تۆغانی سلێمانی كرایه‌وه، كه‌له‌لایه‌ن گروپی كۆمپانیاكانی به‌ڕێزه‌وه جێبه‌جێكراوه.
قوتابخانه‌ی دینای بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر رووبه‌ری 5525 مه‌تر دوجا له ماوه‌ی 2 ساڵدا بنیاتنراوه‌و بڕی 2 ملیار دیناری تێچوه‌و ساڵانه‌ش 600 خوێندكار ده‌توانن تیایدا درێژه به‌خوێندن بده‌ن.
مامۆستا نه‌جمه‌دین عه‌لی ئه‌حمه‌د-به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له لێدوانێكدا به رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند، پرۆژه‌كه زیاتر له ملیارێك و چوار سه‌د ملیۆن دیناری له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه بۆ ته‌رخانكراوه، به‌ڵام به هۆی گۆڕانكاری له زه‌وییه‌كه‌یداو دابینكردنی هه‌ندێك پێداویستی تر بۆ قوتابخانه‌كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه 500 ملیۆن دیناری دیكه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی سوپاسی هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی كرد كه له‌بواری په‌روه‌رده‌دا خزمه‌ت ده‌كه‌ن و له رۆژانی رابردووش‌دا چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێكی دیكه ئاماده‌یی خۆیان پیشانداوه له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان له ناوشاری سلێمانی قوتابخانه دروستبكه‌ن.
ئه‌وه‌شی خسته‌روو، له دوای ده‌ستبه‌كاربونیه‌وه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان ده‌ستیان كردووه به دروستكردنی 4 قوتابخانه‌ی 18 پۆلی و ته‌نها زه‌وییه‌كانیان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌وه بۆ ته‌رخانكراوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ رۆژنامه‌نووسان ئاماژه‌ی دا به ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن و رایگه‌یاند، له 25ی ئه‌م مانگه‌دا تاقیكردنه‌وه‌ی پۆلی نۆ ئه‌نجام ده‌درێت و دا‌واشیان له پارێزگاری سلێمانی كردووه كاربكات بۆچۆڵكردنی ئه‌و قوتابخانانه‌ی ئاواره‌یان تێدایه بۆ ئه‌وه‌ی له 10/9دا ده‌ست به خوێندن بكه‌ن.
وتیشی، له سنوری پارێزگای سلێمانی 2500 خوێندكاری عه‌ره‌بی شاره‌كانی باشور‌و ناوه‌ڕاستی عیراق تاقیكردنه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌و كه ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆره‌و گه‌ر كه‌مپیان بۆ دروستبكرێت ئاماده‌ن خوێندنگایان بۆ دابینبكه‌ن، به‌ڵام قوتابخانه عه‌ره‌بیه‌كانی سلێمانی ژماره‌یان كه‌مه‌و ناتوانن ئه‌و ژماره زۆره‌ی خوێندكاری عه‌ره‌ب وه‌ربگرن.