چەند بڕیارێكی گرنگ سەبارەت بە پەروەردەو خوێندنی باڵا

حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگ دەدات لە بەرژەوەندیی پەروەردەو خوێندنی باڵا.

 

nb mc meeting  2015 04 19 h16m50s54  MZ

حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگ دەدات لە بەرژەوەندیی پەروەردەو خوێندنی باڵا
رۆژی 2015/4/19 بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی بەست.
لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە لە بارەی ڕەوشی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە خرایە ڕوو دواتر كارنامەی كۆبوونەوەكە تاوتوێ كرا و چەند بڕیارێك سەبارەت بە خوێندنی باڵا و پەروەردە دران.
سەبارەت بە خوێندنی باڵا، باس لە گرنگیی دەستنیشانكردنی ئەولەویەتی پێداویستییەكانی حكوومەت و كەرتی تایبەت لە كاتی داڕشتنی پلانی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دیپلۆم و ماستەر و دكتۆرا كرا و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا وەزارەتەكان ئاگادار بكرێنەوە كە سەرجەم پێدوایستییەكانیان رادەستی ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا بكەن. دواتر باس لە كوالێتیی ئاستی زانكۆكان كرا و بڕیار درا بە پیادەكردنی سیستمی ڕیزبەندیی نیشتمانیی زانكۆو دامەزراوەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە شێوەیەك لەسەر پێوەری زانستیانەو كوالێتی، هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بكرێت و ڕیزبەند بكرێن كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كێبركێی زانستی لە نێوانیاندا دروست ببێت.
سەبارەت بە وەزارەتی پەروەردەش، سەرەتا باس لە هەڵمەتی نیشتمانیی دروستكردنی قوتابخانە كراو بڕیار درا كە پرۆژەیەك بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بكرێت و سەرچاوەی نوێی پارەداركردنی پرۆژەكانی دروستكردنی باڵەخانەی قوتابخانەكان بدۆزرێتەوەو حكوومەتیش ئاسانكاریی تەواو پێشكەش بكات. هەروەها باس لە كۆنفرانسی پەروەردەیی كرا كە بڕیارە مانگی داهاتوو ببەسترێت و تەوەرەكانی كۆنفرانسەكە گفتوگۆی لەسەر كرا. دواتر پرۆژەی پەیڕەوی خوێندنی پیشەیی خرایە ڕوو بڕیاردرا ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەك پڕۆژەیەك بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەشەوە جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە خوێندنی كوردی لەو ناوچانە زیاتر برەوی پێ بدرێت و هاوكاریی پێویستیش بۆ ئەم مەبەستە پێشكەش بكرێت، هەروەها بڕیاردرا برەو بەو قوتابخانانەش بدرێت كە پرۆگرامی خوێندن تیایاندا بە زمانی ئینگلیزییە.
دواتر باس لە هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان كرا و بڕیار درا لە وەرزی هاویندا كاری پێویستی بۆ بكرێت و جەخت لە بایەخدانی زیاتر بە ڕاهێنانی مامۆستایان كرایەوە.
ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان لە هەریەكە لە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و دارایی و پلاندانان پێك دێت و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 6ی بەرواری 19/10/2014، بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنەكە درا و مەبەست لە دامەزراندنیشی داڕشتنی پلان و ستراتیژیەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە لە هەرێمی كوردستان.