خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ئەو خوێندنگاو قوتابخانەو باخچەی ساوایانەی سلێمانی كە دەوامیان درێژخایەنە.
خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ئەو خوێندنگاو قوتابخانەو باخچەی ساوایانەی سلێمانی كە دەوامیان درێژخایەنە.
ئەمڕۆ 30/4/2015، بە ئامادەبوونی د. ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا نەجمەدین عەلی ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و ژمارەیەك لێپرسراوی پەروەردەو مامۆستایان، رێوڕەسمێك رێكخرا بۆ خەڵاتكردنی ئەو خوێندنگاو قوتابخانەو باخچەی ساوایانەی كە دەوامیان درێژخایەنە (كاتژمێر 8- 2).
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و مارشی ئەی رەقیب دەستیپێكرد، پاشان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردو تیایدا سوپاسی بەڕێوەبەرو مامۆستایانی كردو رایگەیاند كە بەردەوامدەبن لە كردنەوەی قوتابخانەو خوێندنگاو باخچەی درێژخایەن كە سیستمێكی جیهانییەو قوتابی و خوێندكار زۆرترین كات لە ناوەندەكانی خوێندندا دەبن، وتیشی: كێشەی بینا تا رادەیەكی زۆر چارەسەركراوەو ئێستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیدا تەنها 13 بینای خوێندن سێ دەوامی تێدایە و لە داهاتوویەكی نزیكدا بینا بۆ ئەوانیش دابیندەركێت.
پاشان بەڕێوەبەری گشتی خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە پارێزگاری سلێمانی بەرامبەر هەوڵەكانی بۆ خزمەتكردنی پڕۆسەی خوێندن لە پارێزگاكەدا، دواتر خەڵات بەخشرایە 69 خوێندنگای ئامادەیی و قوتابخانەی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان.
لە كۆتایی مەڕاسیمەكەشدا پارێزگاری سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردو، تیایدا پیرۆزبایی لە مامۆستایان كردو هەوڵو ماندوبوونیانی بەرزنرخاند لە پێگەیاندنی نەوەی دواڕۆژدا، هەروەها ستایشی رۆڵی مامۆستا نەجمەدینی كرد كە لە كارەكەیدا وەك بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەركەوتوو بووە لە بەرەوپێشچوونی بواری پەروەردەو فێركردن لە پارێزگای سلێمانی و خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشی.