خولی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ مامۆستایانی ئەو قوتابخانانە دەكرێتەوە كە بڕیارە خوێندن تێیاندا ببێتە ئینگلیزی.
خولی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ مامۆستایانی ئەو قوتابخانانە دەكرێتەوە كە بڕیارە خوێندن تێیاندا ببێتە ئینگلیزی.
مامۆستا سەربەست كەریم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتی مەشق و راهێنانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە (سولی پەروەردە)ی راگەیاند: خولەكە رۆژی 26/8/2015 مامۆستاكان تێست كراون و ئەمڕۆش 30/8/2015 یەكەم رۆژی خولەكە بوو. لە وەجبەی یەكەمدا 135 مامۆستای وانەكانی بیركاری و زانست بەشدارن، وتیشی: كۆمەڵێك مامۆستای خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە زمانی ئینگلیزی و بەشە زانستییەكانی دیكە وانە دەڵێنەوە، خولەكەش بۆ ماوەی 45 رۆژ بەردەوام دەبێت لە كاتژمێر 8-12، وە خولی دیكەشی بەدوادا دێت.
بەڕێوەبەری مەشق و راهێنان راشیگەیاند كە بەڕێژەی 80% گرنگی بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەدرێت لە خولەكەدا و 20% بۆ فێربوونی زاراوە زانستیەكان.
شایانی باسە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بڕیاردراوە وەك دەستپێك 35 قوتابخانەی بنەڕەتی (1-6) و 7 قوتابخانەی (7-9) لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، خوێندن تێیاندا بكرێتە ئینگلیزی، لە وانەكانی بیركاری و زانستدا.
لەو بارەیەوە مامۆستا شیروان ئەحمەد حەسەن سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی رایگەیاند كە لەگەڵ وانەكانی بیركاری و زانست بڕیاردراوە بەشەوانەی زمانی ئینگلیزی لە 3 بەشە وانەوە بكرێتە 9 بەشە وانە، 5 بەشە وانە بۆ كتێبی (sun rise) و 4 بەشە وانەكەی دیكەش بۆ بابەتی گفتوگۆی ئینگلیزی.
وتیشی لە بەرامبەردا بەشە وانەی ئەلفوبێی زمانی كوردی لە 10 بەشە وانەوە كەمدەكرێتەوە بۆ 7 بەشە وانە.