وەزیری پەروەدەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كردو چەند قوتابخانەو خوێندنگایەكی كردەوە.
رۆژی 18/4/2017، دكتۆر پشتیوان صادق وەزیری پەروەدەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كردو چەند قوتابخانەو خوێندنگایەكی كردەوە.
سەرەتا بە ئامادەبوونی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاواو بەرپرسانی پەروەردە، قوتابخانەی (باستان)ی بنەڕەتییان كردەوە كە لە 18 پۆل پێكهاتووەو زۆربەی كارەكانی لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم ئەنجامدراوەو بەهاوكای رێكخراوی یونیسێف تەواوكراوە.
پاشان قوتابخانەی (جەمالی حاجی عەلی)یان بەسەركردەوە كە چەند چالاكییەكی هونەری تێدا نمایشكرا كە لەلایەن رێكخراوی (یونیسێف)ەوە رێكخرابوو.
دواتر وەزیری پەروەدە لە مەڕاسیمێكدا قوتابخانەی (رەئوف عەلی ئەفەندی) كردەوە كە لەسەر ئەركی بنەماڵەی رەوفی عەلی ئەفەندی دروستكراوە بەهاوكاری رێكخراوی (هیوا فاوندەیشن) و لە 18 پۆل پێكهانووە. لەمەڕاسیمەكەشدا چەند چالاكییەك نمایشكرا.
پاشان خوێندنگەی ئامادەیی (هەڵكەوت)ی كردەوە، كە بیناكەی تێكدراو سەرلەنوێ دروستكرایەوە لەلایەن پەروەردەی سلێمانییەوە، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان.
هەر لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی د. پشتیوان صادق سەردانی چەند نەخۆشخانەی شاری كرد، بۆ هەواڵپرسینی چەند مامۆستایەك كە بەرووداوی هاتوچۆ بریندابوون لە گەرمیان، هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ خواستن.
دواتر بەشداریكرد لە مەڕاسیمی كردنەوەی كۆلێجی ئەزمڕ بۆ بەهرەداران كە لەسەر بودجەی وەبەرهێناانی پارێزگا دروستكراوە.
لە دوا وێستگەی سەردانەكەشیدا وەزیری پەروەردە سەردانی ماڵی كەسایەتی ناسراو جەلالی عومەری سام ئاغای كردو بە ئامادەبوونی چەند كەسایەتییەكی شاری سلێمانی خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە بنەماڵەی ناوبراو بەرامبەر بەو خزمەتانەی بە كەرتی پەروەردەیان كردووە لەشارەكەدا، لەوانە دروستكردنی قوتابخانەیەكی 12 پۆلی لە گەڕەكی قرَگەو پێشكەشكردنی یەكەیەكی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەی (پاك ستی) بە پەروەردەی سلێمانی، لەلایەن خوشكێكی جەلالی سام ئاغاوە.
وەزیری پەروەردەو ئامادەبووانیش رۆڵی بنەماڵەی جەلالی سام ئاغایان بەرزنرخاند لە خزمەتكردنی شاری سلێمانی لە گشت بوارەكاندا.
لەلایەكی ترەوە سەبارەت بەسەردانەكەی بۆ سلێمانی وەزیری پەروەردە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: “ئەمڕۆ بە خۆشحاڵیەوە سەردانی چەند خوێندنگایەكمان كرد لە شاری خۆشەویستی سلێمانی و چەند بینایەكمان كردەوە كە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ شارەكە، پڕۆسەی خوێندن لە شاری سلێمانی سەرەڕای ئەو قەیرانەی هەیە بەردەوامە، بینیم كە مامۆستایان و خوێندكاران بە جۆش و خرۆشەوە دەوام دەكەن ، ئێمەش بەردەوام دەبین لە داكۆكیكردنی مافەكانی مامۆستایان”.
سەبارەت بەپارەی هاندانیش وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم وتی”من دەمەوێت جهخت لهوه بكەمەوە كە ئێمە پاڵەپەستۆ دەخەینە سەر وەزارەتی دارایی ئەوانیش درێغیان نەكردوە، دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم كه ههوڵدهدهین لەم هەفتەیەدا پارەی هاندانی دووەم دابەش بكرێت، كە لە مانگی دوانزەوە بۆیان هەژمار دەكرێت”. وتیشی”تا كۆتایی دەوام پارەكە دابەش دەكرێت”.