بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان و خوێندكاران و كەسوكاریان دەكات.
مامۆستا دڵشاد عومەر بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، سەرۆكی لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكان لە پارێزگای سلێمانی، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان و خوێندكاران و كەسوكاریان دەكات بەبۆنەی ئەو ئەنجامە بەرزانەی كە لە تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەدەستهاتووە لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی.
ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
بەناوی یەزدانی مەزن
خوێندكارانی ئازیز
كەسوكاری خوێندكاران
مامۆستایانی سەربەرز
سڵاوی پەروەردەو زانستتان لێبێت
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 24/7/2017 ئەنجامی تاقیكردنەوە گشتیەكان راگەیەنرا بە هەمووجۆرەكانی ئەكادیمی وپیشەیی و ئیسلامی، ئەوەی پێشبینیمان دەكرد وە ئەو متمانەیەی كە بە ئاستی زانستی خوێندكاران و پشتیوانی كەسوكاریان و ئاست بەرزی و وەفاداری مامۆستایان بوو دەرئەنجامەكانی سەلماندیان جارێكی كە سەربەزتان كردین بەو سەركەوتنە گەورەیە كەهیچی كەمتر نیە لە سەركەوتنی پێشمەرگە قارەمانەكان بەسەر تیرۆریستاندا، وەسەلماندتان كە لە سنوری شاری سلێمانی شاری سەركەوتن و پایتەختی رۆشنبیری و شارە حەیاتەكەیە وە شاری هەڵمەت و زانست و رۆشنبیری وە قوربانیدەری خەمی هاووڵاتیان و دادی كۆمەڵایەتی یە.
بە بۆنەی ئەو دەرئەنجامە بەرزەی كە سلێمانی لە رووی زانست و پەروەردە لە ئاستی یەكەمدا هێشتەوە ئێوەی مامۆستای بەڕێز دەستی ماندوبوونتان دەگوشین هەموو هەوڵمان دەخەینە گەڕ جارێكی كە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانتان چاك بێت و ئێوە شایەنی وەفاداری زۆرن.
دەمانەوێت ئەوەش بە هەموان رابگەیەنین ئەمساڵ 2016-2017 لە هەموو رویەكی تەكنیكی و رێنمایی و یێداویستیەكانەوە تاقیكردنەوەكان سەركەوتووترین پرۆسە بووە. بەهیمەتی هەموان، بە ئێشكگری ئێوەی مامۆستا و وەزارەتی پەروەردە و دەزگاكانی راگەیاندن لە سەرو هەموشیانەوە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرێتی گشتی كارەبای سلێمانی.
زۆر سوپاستان دەكەین و هەرشادبن .
دڵشاد عومەر محمەد كەریم
سەرۆكی لیژنەی تاقیكردنەوەی پارێزگای سلێمانی
25/7/2017