لێكۆڵینەوەیەك سەبارەت هەڵسوكەوت و مامەڵەی فەرمانبەران و شێوازی راپەڕاندنی كاروبارەكانیان لەروانگەی خۆیان و سەردانیكەرانیانەوە ئەنجامدراوە كەتیایدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەنمونە وەرگرتوەو بڕیارە لەداهاتوویەكی نزیكدا لە چوارچێوەی كتێبێكدا بڵاوبكرێتەوە.
لە لێكۆڵینەوەكەدا رای فەرمانبەران و بەڕێوەبەرانی بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و سەردانیكەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە وەرگیراوە.
بەختیار عەلی سەرگەڵوویی نوسەرو ئامادەكاری کتێبەکە لە پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، سەبارەت بە كتێبەكەی نوسیویەتی (بە بۆچونی ئێمە لەڕێگەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی هاوشێوەی ئەمەی خوارەوە کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئەنجامدراوە و کارکردن بە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە لەلایەن بەرپرسانی باڵای دامودەزگاکەوە، دەتوانرێت لایەنە باش و خراپەکانی ناو دەزگاکە دەستنیشانبکرێت و بەردەوام بەرەو باشتر هەنگاو بنرێت. لەکۆتایی ئەم پڕۆسەیەشدا ئەگەر بەباشی بەڕێوەبچێت، لەلایەک فەرمانبەران و بەرپرسانی دامودەزگاکە خۆشحاڵ و ئاسودە دەبن لەبەر ئەوەی کارێک دەکەن جێگەی رەزامەندی ئەوانیترە، لەلایەکیتریشەوە ئەو کەسانەی سەردانی ئەو دامودەزگا و شوێنانە دەکەن هەست بە ئارامی و ئاسودەیی دەکەن لەبەر ئەوەی رێزیان لێگیراوە و کارەکانیان بە باشی بۆ ئەنجامدراوە).