راگەیاندراوێک لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ، ۲ ی ۹ ی ۲۰۲۰ ، بەڕێز وەزیری پەروەردە راپۆرتی وەزارەتی پێشکەش بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرد. سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ۲۰۲۰ـ ۲۰۲۱ ، کە چەندین بژاردە خرانە روو ، پاش هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستیی لەلایەن بەڕێز وەزیری تەندروستی، بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجومەنی وەزیران بریاریدا، کە ناوەندەکانی خوێندنی سەربە وەزارەتمان بە شێوازی خوێندنی ناو پۆل نەکرێتەوە. بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان و کۆی گشتی کۆمەڵگا. لەهەمان کاتدا تاوتوێی ئەوەش کرا، کە پرۆسەی خوێندن رانەگیرێت. بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنی قوتابیان و خوێندکاران نەفەوتێت و لەکاتی دەستپێکی دەوام خوێندنی ئەلیکترۆنی و خوێندنی ئۆنلاین پەیرەو بکرێت، لە سەرجەم ناوەندەکانی وەزارەتی پەروەردە ، جگە لە قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی . بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین، کە وەزارەتی پەروەردە لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت ئەنجام دەدات، بۆ تاوتوێکردنی دەرچواندنی رێنمایی ورد بۆ جێبەجێکردنی بریاری ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران کە چەندین بابەت لە خۆ دەگرێت ، لە گرنگترینیان :
۱ـ ئەنجومەنی وەزارەت بریار دەدات لەسەر دیاریکردنی ڕێکەوتی دەستپێکی ساڵی نوێ خوێندن بەشێوازی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بۆ قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا حکومی و ناحکومیەکان .
۲ـ ئەنجومەنی وەزارەت بریار دەدات لەسەر دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قوتابیانی قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی ، بە هەموو بەشەکانیەوە ، لە خوێندنی حکومی و ناحکومی بە شێوازی ئامادەبوونی تەواو لە ناو پۆل بە گوێرەی ئەورێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی دیاری دەکات پاش کۆتایی هاتنی خولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکان .
۳ـ میکانیزمی پاڵپشتیکردنی قوتابیانی قۆناغی یەکەمی بنەرەتی و چۆنیەتی ئاشناکردنیان بە ژینگەی قوتابخانە .
کۆی گشتی ئەو بابەتانەی پێویستن بۆ دەستپکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەنجومەنی وەزارەت ڕێنمایی پێویستیان پێدەردەچوێنرێت. رەوشی تەندروستی لە ئێستادا وا دەخوازێت کە ژیانی مامۆستایان و قوتابیان پارێزراو بێت و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکرێت و قوتابیانیش بێ خوێندن نەبن. ئەم هەنگاوەش پێویستی بە پشتیوانیکردنی هەمووانە ، ئەگەر دۆخی تەندروستیش ڕێگابدات بەگەرانەوە بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن، لە هەرکاتێکدا بە دڵنیاییەوە خوێندنی ئاسایی
دەستپێدەکاتەوە .
راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
۲ ی ۹ ی ۲۰۲۰