یەکەم تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانییەوە دەستی پێکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٧/٢٥ یەکەم تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەستیپێکرد کە لە پارێزگای سلێمانی (٣٢٦٢٨) قوتابی و خوێندکار لە بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی بەشدارن و دابەشکراون بەسەر (٦٥٠) هۆڵی تاقیکردنەوەو (٥٢٠٠) سەرپەرشتیارو بەڕێوەبەر و یاریدەدەرو چاودێری هۆڵ ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن، بەڕێز مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی تر هەموو ئەو هۆڵانەی باشترین ژینگەی هەیە بۆ قوتابی و خوێندکار بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و زۆرترین ئامێری فێنککەرەوە دابین کراوە، وە ڕۆژانە ماددەی پاکژکەرەوەو دەمامک دابین کراوە بۆ هەموو بەشداربوون لە ستافی بەڕێوەبەرانی هۆڵ و قوتابی و خوێندکاران. بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی کرد کە بۆ زۆربەی قوتابخانەکان کارەبایان کردووە بە خۆڕایی وە زۆر سوپاسی هەریەک لە وەزارەتەکانی کارەبا و تەندروستی و گواستنەوەو گەیاندن و ناوخۆو پێشمەرگەی کرد کە هەمووان هاوکاربوون بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان. هیوای سەرکەوتنی بۆ خوێندکاران خواست