رۆژی پێنجشەممە 8/3/2018، دكتۆر پشتیوان صادق وەزیری پەروەردە سەردانی شاری سلێمانی كردو ئامادەی چەندین چالاكی بوو كە بە بۆنەی رۆژی جلی كوردی و رۆژی جیهانی ژنانەوە سازكرا.
سەرەتا وەزیری پەروەردە سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كردو لەلایەن مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی و مامۆستا پەروین ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردەكان و لێپرسراوی بەشەكانی ناو دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتییەوە پێشوازیلێكرا.
پاشان وەزیری پەروەردەو بەڕێوەبەری گشتی سەردانی ئامادەیی شێرکۆ بێكەسیان كردو پێشانگایەكی وێنەو ئیشی دەستیان كردەوەو چەند چالاكییەكی هونەریش لەلایەن خوێندكارانی خوێندنگاکەوە پێشكەشكرا.
دواتر سەردانی قوتابخانەی ئاشتی ناحكومییان كردو لەوێش چەند چالاكییەكی هونەرییان بەسەركردەوەو وەزیری پەروەردە دەستخۆشی لێكردن و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
پاشان سەردانی ئاوایی شێخ مستەفایان كرد لە ناوچەی قەرەداغ و لەلایەن شێخ دلێر شێخ مستەفاو لێپرسراوانی ئیداری ناوچەكەوە پێشوازییان لێكراو لە قوتابخانەی بنەڕەتی و خوێندنگای ئامادەیی شێخ مستەفا ئامادەی فێستیڤاڵی بەهار و پێشانگایەكی هونەری و ئیشی دەست بوون. وەزیری پەروەردەش وتەیەكی پێشكەشكردو دەستخۆشی لە خوێندكاران و مامۆستایان كردو هیوای خواست پڕۆسەی پەروەردە بەرەوپێش بچێت و كێشەو گرفتەكان چارەسەربكرێت.
لە كۆتایی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی دكتۆر پشتیوان صادق وەزیری پەروەردە ئامادەی فێستیڤاڵی ساڵانەی كۆمەڵگای پەروەردەیی كوردستان بوو لە هۆڵی رۆشنبیری، كە چەندین چالاكی هەمەڕەنگی تیادا نمایشكرا.
هەر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی و لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، وەزیری پەروەردە رایگەیاند كە حكومەتی هەرێم پێش نەورۆز مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەكات هەروەها حكومەتی بەغداش بەڵێنی داوە مووچە بنێرێت.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش رایگەیاند كە خوێندن لە زۆربەی خوێندنگاكانی سنووری سلێمانی ئاسایی بۆتەوەو لەچەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم خوێندنگاكان دەكرێنەوە.