ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە

دوێنێ حاڵەتێکی نەخوازراو لە یەکێک لە قوتابخانەکان ڕوویدا، بۆ بەرچاو ڕوونی و دڵنیاکردنەوەی قوتابیان و خوێندکاران و کەسوکاریان وردەکاری ئەو حاڵەتە بەیان دەکەین بۆ ھەموو ئەو ھاوڵاتیانەی کە ئەو دیمەنە نەخوازراوەیان بینیوە

ئەو قوتابخانەیەی ئەو حاڵەتەی تێدا ڕوویداوە سەر بە حکومەتی ناوەندە وە قوتابخانەیەکی ناحکومییە لە ڕووی دارایی و یاسایی و کارگێڕییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە بە ناوی قوتابخانەکانی العالمية المتحدة (مدارس العالمية المتحدة)، کێشەی دوو قوتابی ھەبووە لەو قوتابخانەیە کارگێڕی قوتابخانەکە کەسوکاریان بانگ کردوون، یەکێک لە خوێندکارەکان دایکی لەگەڵیدا ھاتووەو ووتویەتی چاوەڕێم براکەم بێت، بەداخەوە کاتێک براکانی ھاتوون ئەم حاڵەتە چەکدارانە بووە و ئەو دیمەنە ناشایستەو ناپەروەردەییانە ڕوویدا. ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین وە ھەموو ھاوکاریەک دەکەین بۆ بە سزادانی ئەوانەی کە دەست درێژیان کردۆتە سەر ئەو ناوەندەی خوێندنە وە ھیوادارین ھەموو دام و دەزگاکان بە تایبەت فەرماندە سەربازییەکان ڕێ لەم دیاردانە بگرن کە چەک بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئەمن و ئاسایشە نەک بۆ تۆڵەکردنەوەی کەسی، وە خۆشتان دەزانن لە ئێستادا یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان لە ھەموارکردنەوەدایە داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم جۆرە دیاردانە یاسای تایبەت دەربکات بۆ پاراستنی ماف و گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران وە پیرۆزی ناوەندەکانی خوێندن ھەر کەسێک ھەر لایەنێک لە چ ئاستێکدا بێت نابێ بەو شێوەیە ھەڵسوکەوت بکات وە سزای دادپەروەرانە دابنێت بۆ ئەو کەسانەی لەو شێوەیەن.

داواکارین دام ودەزگاکان هەستن بە کاری خۆیان و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە تا بە سزای خۆیان بگەن، وە دڵنیایی مامۆستایان و کارمەندانی بەڕێز و خوێندکاران دەکەین ئێمە ھەمیشە بەرگریان لێدەکەین وە پشت و پەنایان دەبین وە ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک دەست درێژی لەو جۆرە بکاتە سەر ناوەندەکانی خوێندن.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

٢٠٢١/١٢/٢٤