بەڕێوەبەری گشتی قەزای چەمچەماڵی بەسەرکردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٣/٢ مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە یاوەری ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان سەردانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی چەمچەماڵی کردو لەلایەن مامۆستا عبداللە حمە کاکە ڕەش بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ پێشوازیان لێکراو سەردانی بەشەکانی بەڕێوەبەرێتییەکەیان کردو چاوی بە فەرمانبەران کەوت و لەگەڵ لێپرسراوی هۆبەکانی بەڕێوەبەرێتییەکە کۆبۆوە بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشەو گرفتەکانیان، پاشان بەڕێوەبەری گشتی بە یاوەری بەرێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ سەردانی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵی کردو لەلایەن بەڕێز ڕەمک ڕەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ پێشوازی لێکراو مامۆستا دڵشاد ڕێزلێنانی بەخشییە بەڕێزیان لەپای ئەو هاوکاریانەی پێشکەشی کەرتی پەروەردەیان کردووە لە سنوورەکەدا، پاشان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی شۆڕشیان کردو لەلایەن بەڕێز سەروەر احمد بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش پێشوازیان لێکرا. هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا بەڕێوەبەری گشتی فێستیڤاڵی ساڵانەی سەرجەم باخچەکانی منداڵانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵی بەسەرکردەوەو سوپاسی مامۆستایانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. دواتر سەردانی ئامادەیی ئارژینی کچانی کردو بەشداری هەڵمەتی نەمام چاندنی کرد و سەردانی پۆلەکانی کردو بەڵێنیدا بە چارەسەرکردنی کەم وکوڕییەکانی بینای خوێندنگەکەیان، پاشان سەردانی قوتابخانەی عبداللە پەشێوی بنەڕەتی کرد کە قوتابخانەیەکی نموونەین لە بواری ژینگەیی و بەشداریان لە چالاکییەکان و هەڵمەتی نەمام چاندندا بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی لێکردن و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.

هەر لە سەردانەکەیدا بۆ قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەبەری گشتی سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی کرد لە پایتەختی ئەنفال و دانانی تاجە گوڵینە بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ئەنفالکراوان، وە داوای هەیە لە بەڕێوەبەری گشت بەڕێوەبەرێتییەکانی پەروەردەی قەزاکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان کە بە مەبەستی ئاشنابوونی قوتابیان و خوێندکارانمان بە بابەتی جینۆسایدو بەو بەڵگەو دۆکیومێنتانەی کە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بەرامبەر گەلەکەمانیان کردووە خوێندکاران سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفال بکەن.

لە کۆتایی سەردانی ئەمڕۆیدا ئامادەیی چەمچەماڵی تێکەڵی زانستی و قوتابخانەی مەهابادی بنەڕەتی بەسەرکردەوەو لەگەڵ مامۆستایان و ستافی کارگێڕی کۆبۆوەو سوپاسی کردن و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانیان گرت و سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی کردن.

بەڕێوەبەری گشتی بۆ تەواوکردنی سەردانەکەی بۆ سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ سبەینێ پێنج شەممە سەردانی قوتابخانەکانی ناحیەی تەکیەو ناحیەی ئاغجەلەریش دەکات.