دووەم ڕۆژی سەردانی بەڕێوەبەری گشتی بۆ قەزای چەمچەماڵ

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٢/٣/٣ لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی ناحیەی تەکیەو ناحیەی ئاغجەلەری کرد، سەرەتا بە ئامادەبوونی بەڕێز مەمەند ڕەشید بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیەو مامۆستا عبداللە حمە کاکە ڕەش بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ سەردانی قوتابخانەی(دەرسیم)ی بنەڕەتی  کردو لەگەڵ بەڕێوەبەرو مامۆستایان کۆبۆوە باس لە کێشەو گرفتەکانی ناوەندەکانی خوێندن و مامۆستایان کرا، بەڕێوەبەری گشتی بەڵێنی دا کە هاوکاریان بێت و لەبەر کۆنی بیناکە قوتابخانەکەیان نۆژەن بکرێتەوە ، دواتر سەردانی ئامادەیی وەفایی کچانی کردو لەگەڵ بەڕێوەبەرو مامۆستایان کۆبۆوەو لە نزیکەوە گوێی لە داواکاریەکانیان گرت ودەستخۆشی لێکردن و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵەوە ڕێزلێنان بەخشرایە بەڕێز (مەمەند ڕەشید) بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە لەپای دڵسۆزی و خەمخۆریان بۆ کەرتی پەروەردە لەو سنوورەدا.

هەر لە سەردانەکەیدا بەڕێوەبەری گشتی سەردانی ناحیەی ئاغجەلەری کردو لەلایەن بەڕێز هێمن بەهجەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر پێشوازی لێکراو لەناو دیوانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی ئاغجەلەر بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری ناحیە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی قوتابخانەو خوێندنگەکانی سنوورەکە ئەنجامداو گفتوگۆ کرا دەربارەی کێشەو کەموکوڕییەکانی مامۆستایان و پێداویستییەکانی ناوەندەکانی خوێندن و بەڵێنی دا کە بەپێی توانا هاوکارو پشتیوانیان بێت. دواتر سەردانی باخچەی منداڵانی( برەو)ی کرد و دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و مامۆستایان کرد. هەر لە سەردانەکەیدا ئامادەیی ئاغجەلەری تێکەڵ و قوتابخانەی ئاغجەلەری بنەڕەتی بەسەرکردەوە تا لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی خوێندن بێت و لەگەڵ بەڕێوەبەرو مامۆستایان کۆبۆوە، زۆر سوپاسی بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەری کرد کە هەمیشە هاوکاریانە بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردەو دابینکردنی پێداویستی قوتابخانەو مامۆستایان و خوێندکاران و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەی کرد کە لە سەردانە دوو ڕۆژییەکەیدا بۆ قەزای چەمچەماڵ هاوکاربوون، هەروەها زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرو مامۆستایانی سنوورەکەی کرد کە هەمیشە خەمخۆری کەرتی پەروەردەن و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.