سەردانی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ پەروەردەی ڕانیە

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٣/٧  مامۆستا عمر محمد امین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری خوێندنی ناحکومی و بەڕێوەبەری فێرکردنی پیشەیی سەردانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕانیەی کردو لەلایەن مامۆستا محمد کریم بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە پێشوازیان لێکرا، لە سەردانەکەیدا یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی سەردانی کۆمەڵگەی (فام)ی ناحکومی و قوتابخانەی ئەندێشەی ناحکومی کرد بەمەبەستی بەدواداچوون و چاودێری کارگێڕی و پەروەردەییەکان، مامۆستا عمر چەند ڕێنمایی و تێبینی پێدان بۆ زیاتر خزمەت کردنی خوێندکاران لەو کەرتەدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و ژوورەکانی خوێندن و کافتریای قوتابخانەکانی ناوبراوی بەسەرکردەوە.

دواتر یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی سەردانی ئامادەیی ڕانیەی پیشەیی کردو لەگەڵ بەڕێوەبەرو مامۆستایان کۆبۆوە و چەند داواکارییەکیان پێشکەش کردو یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەڵێنی دا کە پێداویستییەکانی خوێندنی پیشەیی بۆ ئامادەییەکە بەپێی توانا دابین بکات و سوپاسی بەڕێوەبەرو مامۆستایانی کرد کە خزمەتی خوێندکاران دەکەن و هیوای سەرکەوتنی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان خواست.