ئەمرۆ یەكشەممە 27/5/2018 لە هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستیپێكردو لە شاری سلێمانی 24 هەزارو 285 خوێندكاری بەشی زانستی و 10 هەزارو 764 خوێندكاری بەشی وێژەیی و هەزارو 800 خوێندكاری بەشی پیشەیی لە 625 هۆڵ تاقیكردنەوەیان ئەنجامدا.
بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانیش ( هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا ( دڵشاد عومەر) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا ( نازدار ئەحمەد) بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی چەند هۆلێكی تاقیكردنەوەكانیان بەسەركردەوەو دواتریش لەلێدوانێكدا بۆ میدیاكان پارێزگاری سلێمانی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەدەو بەڕێوەبەری خوێندنگاكان و مامۆستایان كرد بۆ ئامادەكردنی كەشێكی گونجاو بۆ تاقیكردنەوەو دابینكردنی پێداویستییەكانی تاقیكردنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سسلێمانیش رایگەیاند، هەموو ئامادەكارییەكانی پێویست بۆ تاقیكردنەوەكان كراوەو هەموو رێوشوێنێكی پێویستیش گیراوەتە بەر بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە.
سبەینێش تاقیكردنەوەی پۆلی 9ی بنەڕەتی لە هەرێمی كوردستان دەسپێدەكات و لەشاری سلێمانی 32 هەزارو 875 خوێندكار مافی بەشداریكردنیان لە تاقیكردنەوەكان هەیەو 617 هۆلیان بۆ ئامادەكراوە.