ئەمرۆ دووشەممە 28/5/2018 لە هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی دەستیپێكرد، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی 32 هەزارو 875 خوێندكار مافی بەشداریكردنیان لە تاقیكردنەوەكان هەیەو 617 هۆلیان بۆ ئامادەكراوە.
بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانیش دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاواو مامۆستا حەوێز بەڕێوەبەری سەپەرشتیكردن لە پەروەردەی رۆژئاوا، چەند هۆلێكی تاقیكردنەوەكانیان لە شاری سلێمانی بەسەركردەوە.
دواتریش لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان پارێزگاری سلێمانی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەدەو هەموو پەروەردەكان و بەڕێوەبەری خوێندنگاكان و مامۆستایان كرد بۆ ئامادەكردنی كەشێكی گونجاوو دابینكردنی پێداویستییەكانی تاقیكردنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش رایگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكانی پێویست بۆ تاقیكردنەوەكان كراوەو هەموو رێوشوێنێكی پێویستیش گیراوەتە بەر بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، هەروەها هیوای سەركەوتنی بۆ خوێندكاران خواست.