کردنەوەی قوتابخانەی مامۆستا جمال عبدول

ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١٠/١٢، بەئامادەبوونی د.هەڤاڵ ابوبکر پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و مامۆستا عبدالواحید سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان و مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وبەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی بەڕێز مامۆستا جمال عبدول لە پڕۆژەی شاری مامۆستایان قوتابخانەی جمال عبدولی بنەڕەتی کرایەوە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە ووتەیەکیدا ڕۆڵی مامۆستا جمال عبدولی بەرزنرخاند کە لە بواری کارکردنیدا وەک مامۆستا خزمەتی زۆری بە پرۆسەی پەروەردە کردووە و جگە لە پیشەی مامۆستایی چەندین کتێبی لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ تاکو ٢٠١٨ بڵاوکردۆتەوە کە ٢٦ کتێبی بە تەنها نووسیوە یەک کتێبی بە هاوبەشی نووسیوە ١٩ کتێبی بە تەنها وەرگێڕاوەو ١٩ کتێبی بە هاوبەشی وەرگێڕاوە. مامۆستا جمال عبدول وەک کەسایەتییەکی شاری سلێمانی لە دوای ڕاپەڕین بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک یەکەم پارێزگاری سلێمانی بووە هەروەها ٥ ساڵیش وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

مامۆستا جمال عبدول دانیشتووی شاری سلێمانییەوە ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی سەرشەقام لەدایک بووە، کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرێکی ماندوونەناسەو پەیوەندی فراوانی لەگەڵ زۆربەی چین و توێژەکاندا هەیە، لە کۆتایی ووتەکەیدا بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی لە مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران کرد بە بۆنەی کردنەوەی قوتابخانەکەیان بە ناوی ئەو پیاوە ماندونەناسەوە کە ببێتە سەرمەشقی قوتابخانەکان لە سەرکەوتن و داهێنان لە پرۆسەی خوێندندا.شایانی باسە ئەم قوتابخانەیە لەسەر ئەرکی کۆمپانیای ڕەسەن دروست کراوە بۆ خزمەت بەمنداڵانی پڕۆژەکە،