ڕۆژی جیهانی دەست شوشتن

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٢/١٠/١٥ بە بەشداری مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگەو دامەزراوەی کەریمی عەلەکە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانی سنوورەکە هەڵمەتی هۆشیاری ژینگەیی لە پێناو نەوەیەکی ژینگە دۆستدا لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ ڕاگەیەندرا.

ئەمڕۆ ٢٠٢٢/١٠/١٥ ڕۆژی جیهانی دەست شوشتنە، لە قوتابخانەی زەکیەی سام ئاغا هەڵمەتی دەست شوشتن بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەری گشتی لە ووتەیەکیدا ئەم هەڵمەتەی بۆ ناو قوتابخانەکان بە پێویست زانی چونکە پاکوخاوێنی لەناو قوتابیان و خوێندکاران پێویستەو دەست شوشتن بەشێکە لە خۆپارێزی و دەبێت قوتابیان و خوێندکاران هانبدەین کە خۆیان و ژینگەش بپارێزن. وە زۆر سوپاسی ڕێکخراوی ناوبراوی کرد کە دەستی کردووە بەم هەڵمەتە لەناو قوتابخانەکانداو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. قوتابیان لەم ڕۆژەدا کە ڕۆژی دەست شوشتنە چەند چالاکییەکیان پێشکەش کرد.

دواتر بەڕێوەبەری گشتی ناو پۆل و فرۆشگای قوتابخانەی زەکیەی سام ئاغای بەسەرکردەوە، دەست خۆشی لە بەڕێوەبەرو مامۆستایانی قوتابخانەکە کردو هیوای سەکەوتنی بۆ قوتابیان خواست.

ڕۆژی جیهانی دەستشۆردن (GHD)

هەڵمەتێکە کە ئامانج لێی هاندانی ملیۆنان کەسە لە جیهاندا دەستیان بە سابوون بشۆن. ئامانجی کەمپەینەکە هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لە گرنگی دەستشۆردن بە سابوون وەک هۆکارێکی سەرەکی لە خۆپاراستن لە نەخۆشی.

بۆ یەکەمجار لە پانزەی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨دا ڕۆژی جیهانی دەستشۆردن بەڕێوەچوو، کە ڕۆژێکە لەلایەن کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ٢٠٠٨ی وەک ساڵی نێودەوڵەتی پاکوخاوێنی ناساند.

ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان، منداڵانی قوتابخانەکان لە 70 وڵاتدا بەشداری ئەو چالاکییە دەکەن.

ماوەی چەند ساڵێکیشە لە هەرێمی کوردستان چالاکییەکە بەڕێوە دەچێت.

ئامانجی ڕۆژی جیهانی دەستشۆردن بیرخستنەوەی خەڵکی جیهانە لە پێویستی پابەندبوون بە پاکوخاوێنی دەست لە دامەزراوە تەندروستییەکان و ئەوانی دیکە، بەمەش کارمەندانی چاودێری تەندروستی و نەخۆشەکان لە مەترسییەکانی گواستنەوە دەپارێزێت و ساڵانە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکدا ئاهەنگ دەگێڕدرێت.

ئامانجی سەرەکی ڕۆژی جیهانی دەستشۆردن ئەوەیە کە دان بەوەدا بنێین کە دەستشۆردن یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێکارەکان کە دەتوانین بیگرینە بەر بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ماددە نەخۆشخوازەکان و ڕێگریکردن لە هەوکردن، لەنێویاندا ڤایرۆسەکان.

ڕۆژی جیهانی دەستشۆردن دەرفەتێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و تێگەیشتن لە گرنگی دەستشۆردن بە سابوون وەک ڕێگەیەکی کاریگەر و ئاسان؛ بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی و رزگارکردنی ژیان.

زۆرجار مرۆڤەکان دەست لە چاو و لووت و دەمی خۆیان دەدەن بەبێ ئەوەی درکیان پێ بکات؛ ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی دەستەکان بە میکرۆب، و گواستنەوەی هەوکردن بۆ کەسانی دیکە، لەگەڵ پشتگوێخستنی پاکوخاوێنی دەست.

پاک و خاوێنی و شۆردنی دەستەکان ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، وەک هەڵامەت بە ڕێژەی ١٦-٢١% کەمدەکاتەوە.

ئامانجەکانی ڕۆژی جیهانی دەستشۆردن:

ئاگاداربوون لە گرنگی دەستشۆردن لە خۆپاراستن لە نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی هەوکردن.

پاکوخاوێنی بەشداری کردن لە بۆنەیەکی جیهانی.

پەیوەندی لەگەڵ کارمەندانی چاوەدێری تەندروستی بکەن لە ڕۆڵی ئەوان لە چاوەدێری پاک و خۆپاراستن لە تووشبوون، بەرز بنرخێنن.

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە