ئاگاداری بۆ گشت باخچەی منداڵان و قوتابخانەو خوێندنگە حکومییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان

سێ دیاردە دەبینرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە ڕێگەپێدراو نییەو داواکارین دوای ئەم ڕاگەیاندنە ئەو دیاردانە ڕابگیرێت لەبەرئەوەی بە پێی یاساو ڕێنماییەکان لێپرسینەوە دەکەین لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندندا

یەکەم/ کاتێک قوتابخانەیەک چالاکی دەبێت پێویست ناکات گشت بەڕێوەبەرەکانی تری ناوەندەکانی خوێندن بەشداری لەو چالاکییەدا بکەن و ناوەندی خوێندنی خۆیان بەجێبهێڵن کە بەرپرسی یەکەم لە ناوەندی خوێندن و پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن و پاراستنی ژیانی قوتابیان و خوێندکاران بەڕێوەبەرە، کە بە بێ پرس قوتابخانە بەجێدەهێڵن ئەمە قەدەغە کراوەو ڕێگەپێدراو نییە. ئەو چالاکیانە کە دەکرێت بۆ سنووری قوتابخانەکەو قوتابیانی قوتابخانەکەیە و بۆ زیاتر گەشەسەندنی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنە لە نێوان خۆیاندا.

دووەم/ هەندێک خەڵک یان کەسی دەرەوەی پەروەردە بە بێ پرس و وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان هەم لە پەیمانگا ناحکومییە پیشەییەکان هەم لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وە هەم لە کەسایەتییەکان دەبرێنە ناو ناوەندەکانی خوێندنەوەو دەوامیان پێ ڕادەگیرێت بە ناوی سیمیناری پێداچوونەوە بە بابەتەکانی خوێندن و ناوی جۆراوجۆری ترەوە کە ئەمەش ڕێگەپێدراو نییە و ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر.

سێیەم/ حاڵەتی سێیەم وێنە گرتنە بە مۆبایل، کاتێک بابەتێکی زانستی دەکرێت یان نان خواردنی خوێندکاران بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە. کاتێک چالاکییەک دەکەیت ئەگەر شتێکی تازەگەرت کردووە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ، بەڕێوەبەرێتی مەشق و ڕاهێنان یان دامەزراوەی ترمان هەیە ئەتوانی ئەو ڕێگە نوێیە، ئەو هۆکاری فێرکردنە نوێیە بهێنیت خوێندنەوەی بۆ بکەین و بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێ بکەین بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ئەگەر لە ڕووی پەروەردەو فێرکردنەوە باش بوو، نەک بە بێ پرس وێنەو ڤیدیۆی ناو قوتابخانەکەت وناو پۆل و قوتابیان و خوێندکاران بڵاوبکەیتەوە، کە ئەمە زۆر جار گلەیی و گازندەیەکی زۆر لە لایەن دایکان و باوکانەوە دەکرێت و بۆمان هاتووە کە پێیان قبوڵ نییە وێنەی منداڵەکەیان لە سۆشیال میدیا و هەندێ گروپدا دابنرێت، دەڵێن ئەوان منداڵ دەنێرن بۆ خوێندن نەک بۆ ڕیکلامی لەو جۆرە.

بۆیە داواکارین ئەو دیاردانە ڕابگیرێت، ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەرو ئەو ناوەندی خوێندنە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. چونکە لەلای ئێمە مامۆستایان و ڕێنمایکارانی پەروەردەیی ناوەندەکانی خوێندن و ڕاهێنەرانمان لە بەڕێوەبەرێتی مەشق و ڕاهێنان هەم لە ڕووی زانست و مەعریفی و ڕێگەکانی وانەوتنەوە لە هەمووان پێشەنگ ترن و شارەزایی زیاتریان هەیە بۆ باشترکردنی ژینگەی پەروەردەیی نەک کۆمەڵە خەڵکانێک یان ڕێکخراوو پەیمانگایەک کە ڕۆژێک مامۆستا نەبوون یان مامۆستا بوون لە ژینگەیەکدا کە جیاوازی تەمەن هەیە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکان دەیهێنن بە بێ پرس ئەوانیش دەیکەنە ڕیکلامێکی مەبەستداری جۆراوجۆر بۆ خۆیان.

لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە ڕاهێنەر دادەنێت بۆ ژمارەیەک لە ناوەندەکانی خوێندن، لە ڕێکارەکانی دانانی ئەو ڕاهێنەرانەین و چاوپێکەوتنمان کردووەو کۆمەڵێک خولیان بۆ دەکەینەوەو دواتر ئەو ڕاهێنەرانە لە ژمارەیەک ناوەندی خوێندن بەرپرس دەبن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ڕێگای وانە ووتنەوەی نوێ و گەشەسەندنی پرۆسەی پەروەردە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی

٢٠٢٢/١٠/٢٤