کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە لە سلێمانی ئەنجامدرا

ئەمڕۆ دووشەممە، رێکەوتی ۱٥ی٥ی۲۰۲۳ مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عمر محمدامین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكانی سنوری سلێمانی پێشوازییان له‌ به‌رێز ئالان حمە سعید صالح وەزیری پەروەردە و بریكاری وه‌زاره‌ت و ئه‌ندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كرد.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگای سلێمانی ، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەنجامدرا، پاش گفتوگۆی ورد و گۆڕینەوەی ڕا و تێبینییەکان لەسەر رەشنووسی پەیڕەو و رێنمایی و رێکارەکانی تایبەت بە یاسای ژمارە(١٣) ی ساڵی ٢٠٢٢، یاسای پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان-عێراق، ئەم رێنمایی و رێکارانەی خوارەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کران:

١- رێنمایی پڕۆسەی خوێندن لە پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە.

٢- رێکارەکانی دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومی و ناحکومییەکان.

٣- رێنمایی دیداری گەشە.

٤- ستراتیژی ( راهێنانی مامۆستایان) و (رێبەری مامۆستای راهێنەر) .

٥- رێنمایی بەکرێدانی فرۆشگە لە وەزارەتی پەروەردە.

٦-ڕێنمایی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان.

٧- رێنمایی ئامادەیی و پیشەییەکان.

٨-رێکارەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان/خوێندکاران لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان.

٩- سیستمی یەکپۆشی بۆ قوتابیان و خوێندکاران.

١٠- ڕێنمایی تایبەت بە خوێندنی زمانی کوردی و عەرەبی بۆ ئەو قوتابیانەی بەخێوکارەکانیان لە نێردە دبلۆماسی و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانن و لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.