ئەمڕۆ 9/7/2018، مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە ئامادەبوونی مامۆستا پەروین ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پلاندانان، پێشوازیكرد لە وەفدێكی باڵای وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراقی فیدراڵ، كە پێكهاتبوو لە بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتیكردن و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەت و نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە سلێمانی.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەماهەنگی زیاتر كرا لە نێوان هەردوولادا بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، پاش بڕیاری حكومەتی عیراق بە داخستنی سەرجەم نوێنەرایەتیەكانی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان.
هەردوولا جەختیانكردەوە لەسەر ئەوەی كە هەموو منداڵێكی عیراقی مافی خوێندنی هەیەو دەبێت ژینگەیەكی پەروەردەیی لە باریان بۆ فەراهەم بكرێت. هەروەها وەفدی میوان سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیكرد كە هەمیشە هاوكاربوون لە بەڕێوەبەردنی قوتابخانەو خوێندنگای ئاوارەكانی سنووری سلێمانی و زیاتر خزمەتكردنی منداڵانی ئاوارە.