سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە خوێندکارە یەکەمەکانی قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عمر محمد امین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی پەروەردەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات ،خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە خوێندکارە یەکەمەکانی قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٣/٧/٢٠ لە زانکۆی سلێمانی، کەمپی نوێ ، هۆڵی کۆنگرێس مەراسیمی ڕێزلێنان لە خوێندکارە دەرچووە یەکەمەکانی قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی و خوێندکارانی خاوەن مەدالیای ئاڵتونی کە لە پێشبڕکێی پڕۆژەی زانستی (VILIPO ,INPO) بەدەستیان هێناوە، ئەنجام درا.

لە سەرەتای مەراسیمەکەش بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر هەریەک لە بەڕێزان پرۆفیسۆر دکتۆر کۆسار محمد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ووتەی خۆیان پێشکەش کردو دەستخۆشیان لە بەڕێوەبەرو مامۆستایان و فەرمانبەران و کەسوکاری خوێندکاران کرد، قوتابیان و خوێندکارنیان بە سەرمەشقی ئایندەی زانستی ئەم کوردستانە دانا و هیوای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتریان لە داهاتودا بۆ خواستن.هەروەها بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یحی عمر ووتەی خوێندکاران و خانەوادەی خوێندکارانی پێشکەش بە ئامادەبووان کردو سوپاسی مامۆستایان و کادرانی پەروەردەی کرد. پاشان دەستکرا بە دابەشکردنی خەڵاتەکان بەسەر خوێندکارانی سەرکەوتوو. لە کۆتایی مەراسیمەکەدا سەردانی مەیدانی خوێندکاران و سەرۆکی زانکۆو کادرانی پەروەردە بۆ بەشەکانی سەر بە زانکۆ ( سەرۆکایەتی زانکۆو تۆمارگەی گشتی و تاقیگەکانی کۆلێژی زانست و بەشە ناوخۆییەکان و کتێبخانەی ناوەندی و کافتریای ناوەندی) بە مەبەستی ئاشنابوونیان بەو بەشانە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو خوێندکارانەو چەندەها خوێندکاری تر خوێندنی تێدا بەردەوام دەکەن.